بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە پاکستان کە کێشە ئابوری و داراییەکان بە گرنگترین هۆکارەکانی دادەنرێت ئەنجامی دەستێوەردانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانەکانی لە دۆخی سیاسی ئەم وڵاتە و هەوڵدان بۆ زیاترکردنی پێگە و دەستڕۆیشتوویی ئەوانە. لەم چەند ساڵەدا هەندێک هەڵسووکەوتی عومرانخان بووە هۆی ئەوەی کە جارێکی دیکە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی پاکستان ببینین. نزیکبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە چین و هاوپەیمانی لە گەڵ ئەم وڵاتە لە لایەک و ڕێگری لە کردنەوەی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە پاکستان لە لایەکی دیکەوە لەو هۆکارانەن کە لەم گۆڕانکارییانەدا کاریگەرییان هەبووە. بۆ واشنتن گرنگە کە لە نزیک وڵاتی چین بنکەیەکی سەربازی و هەواڵگری گەورەی هەبێت، ساڵانێک لە ئەفغانستاندا ئەو بنکە و پێگە سەربازییەی هەبوو بەڵام لە ئێستادا ئەوەش نەماوە، هەر بۆیە ڕەتکردنەوەی پێشنیار و پلانەکەی ئەمریکا بۆ کردنەوەی بنکەی سەربازی لە پاکستان لە لایەن عومرانخانەوە هێندە خوازراوی بەرپرسانی واشنتن نەبووە.
ڕێگری لە کردنەوەی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە لایەن عومرانخانەوە تەنیا بۆ پەیوەندییەکانی پاکستان و چین ناگەڕێتەوە، بەڵکوو سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە گەرمەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا سەردانی مۆسکۆی کرد. پێش سەردانەکەی عومرانخان، ئەمریکا داوای لە ئیسلام ئاباد کرد بەشداری لە پرۆسەی سزاکانی دژ بە ڕووسیا بکات کە ئەو داواکارییە ڕەتکرایەوە و ڕایگەیاند کە پاکستان لەم شەڕ و سزایانەدا ڕۆڵی بێلایەنی دەبێت. پێش سەردانەکەی عومرانخان بۆ مۆسکۆ دوناڵد لئۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری باشوری ئاسیا بانگهێشتی باڵیۆزی پاکستانی لە واشنتن کرد و داوایکرد کە سەردانەکە بەپەلە هەڵبوەشێتەوە.
بەدەر لە ئەمریکا، وڵاتانی دیکەش بە تایبەت بەریتانیا و سعوودیە ڕۆڵی گەورەیان لە گۆڕانکارییەکانی پاکستان هەیە. سیستەمی سیاسی پاکستان پەرلەمانییە و لەم سیستەمەدا ڕۆڵی حیزبەکان بەرچاوە. ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی پاکستان مێژوو و کارنامەیەکی باشیان نییە و بەسراوەی دەرەوەی سنورەکانن و بە گشتی ئەمریکا، بەریتانیا و پاشان سعوودیە کاریگەری زۆریان لە سەر حیزبە سیاسی و مەزهەبییەکانی ئەم وڵاتە هەیە. هەر بۆیە پشتکردنی عومرانخان لە سیاسەتەکانی ئەم وڵاتانە و حیزبە بەسراوەکانی ئەوان بووە هۆی ئەوەی کە دۆخەکە بۆ سەرۆک وەزیرانی پاکستان هێندە لەبار نەبێت و پرسی دوورخستنەوە و لێسەندنەوەی متمانە لەو بێتە پێشەوە.
لەم هەلومەرجەدا سەرۆک وەزیرانی پاکستان تەنیا یەک ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە دوورخستنەوەی لە پەرلەمان، ئەم کێشەی بە ئەنجامی ڕاستەوخۆی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و هاوکاریی نەیارانی ناوخۆیی ناو برد و داوای لە خەڵک بە تایبەت گەنجان کرد تا لە دژی پیلان و دەستێوەردانی دەرەکی خۆپێشاندانی سەرتاسەری بکەن. ناوبراو قەیرانی سیاسی ئێستای پاکستان و هەوڵەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن ناسراو بە بزوتنەوەی دیمۆکراتیکی پاکستان ی لە دژی حکومەت بە ئەنجامی پیلانی ئەمریکا و دەستێوەردانی دەرەکی و هاوکاریی ناوخۆیی ناو برد. بە بانگهێشتی عومرانخان خۆپێشاندەرانی پاکستانی درووشمی مردن بۆ ئەمریکا، ئیسرائیل و شەیتانی گەورەیان بەرز کردەوە و ئیدانەی دەستێوەردانی دەرەکییان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەیان کرد.
بە پاڵپشتیکردنی خەڵک لە سەرۆک وەزیران بە پێی مادەی 5 ی دەستووری پاکستان، سەرۆکی پەرلەمانیش دانیشتنەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە پاکستان و حکومەتەکەی هیچ کات لە بەرامبەر دەستێوەردانی دەرەکی ملکەچی هیچ وڵاتێک نابێت و دەرفەت و موڵەتی پیلانگێڕی بەوان نادات. لە ئەنجامی ئەم دۆخەش عومرانخان داوای لە سەرۆک کۆمار کرد کە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و بەم هۆیەشەوە حکومەتەکەی خۆی هەڵوەشایەوە تا بەستێنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دابین بکرێت.
عومرانخان لە ئاکامدا شەوی 10 ی نیسان لە لایەن پەرلەمانی پاکستانەوە متمانەی لێ سەندرایەوە و بە فەرمی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دوورخرایەوە./.