بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی و مانگی ڕەمەزان، سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیهان و هەروەها دانوستانەکانی ڤیەننا بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق وێڕای باسکردنی کورتەیەک لە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی، ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ مۆسکۆ و وتووێژی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا دا.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وێڕای پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزان، جەختی لە سەر گرتنەبەری ڕێگای دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا کردەوە و هەروەها داوایکرد کە سەرجەم ڕێکەوتنەکانی پێشووی نێوان ئێران و عێراق جێبەجێ بکرێت.
لەو چوارچێوەدا، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بانگهێشتی هاوتا عێراقییەکەیی کرد کە سەردانی تاران بکات و لە لایەن فۆئاد حوسێنەوە پێشوازی لێکرا./.