بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبد ڕەبە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری هەڵهاتووی یەمەن، ئەمڕۆ پێنج شەممە 7 ی نیسان، عەلی موحسین ئەحمەر جێگرەکەی خۆیی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و دەسەڵاتی ڕادەستی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی کۆمار کرد.
ناوبراو لە فەرمانێکدا وێڕای دوورخستنەوەی ئەحمەر، پێکهێنانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی کۆماری بە سەرۆکایەتی ڕەشاد عەلیمی و بە ئەندامبوونی حەوت کەسی دیکە لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی یەمەن ڕاگەیاند و ئامانج لەم فەرمانەشی بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی دەستاودەستکردنی دەسەڵات ناو برد.
سەرۆک کۆماری دەست لە کار کێشراوی یەمەن سەبارەت بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات وتی: بە پێی ئەم فەرمانە، تەواوی دەسەڵاتەکانم بە بێ گەڕانەوە و بە پێی دەستوور ڕادەستی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی کۆمار دەکەم.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی کۆماری یەمەن بە سەرۆکایەتی ڕەشاد عەلیمی و ئەندامێتی ” سوڵتان عەڕادە پارێزگاری دەستنیشانکراوی حکەمەت بۆ مەئرب “، ” تارق محەممەد ساڵح “، ” عەبدولڕەحمان ئەبوزەرعە فەرماندەی هێزەکانی لیوای عەمالقە “، ” عەبدوڵڵا عەلیمی بەرپرسی نووسینگەی ناوبراو “، ” عوسمان مەجلی “، ” عیدروس زۆبەیدی سەرۆکی پەرلەمان لە باشوری یەمەن ” و ” فەرەج بەحسنی پارێزگاری حەزرەموت ” لە ئێستادا دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار و جێگرەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی کۆماری یەمەن ئیش و کاری سیاسی، سەربازی و ئەمنیی ئەم وڵاتە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هاوپەیمانی سعوودیە و ئیمارات بەڕێوە دەبات و بەرپرسیاریەتی دانوستانیشی لە گەڵ بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا سەبارەت بە ئاگربەست لە ئەستۆ دەبێت.
پێشتر میدیاکانی یەمەن ڕایانگەیاندبوو کە سعوودیە دەیەوێت سەرۆک کۆماری هەڵهاتووی یەمەن کە ساڵانێکە لە ڕیاز ژیان بە سەر دەبات لە پۆستەکەی دووربخاتەوە./.