بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد عەبدولسەلام وتەبێژی بزوتنەوەی ئەنسارولڵای یەمەن و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی ئەم وڵاتە ڕەخنەی لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕیاز بە بیانووی چارەسەرکردنی قەیران یەمەنەوە گرت.
ناوبراو لە کاردانەوەی بەرامبەر بەو کۆبوونەوە وتی: ئێستا و داهاتووی یەمەن، لە ناوخۆی یەمەن دیاری دەکرێت، هەر چالاکییەک لە دەرەوەی سنورەکانیەوە، بریتییە لە شانۆگەرییەکی بێ ئەنجام کە لە لایەن سعوودیە و ئیماراتەوە بەڕێوە دەچێت.
عەبدولسەلام وتی: ڕێگای ئاشتی بە ڕاگرتنی هێرشەکان، هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان و کشانەوەی هێزی بێگانەی دەرەکی تێپەڕ دەبێت و بە بێ مسۆگەربوونی ئەمەش، هەر هەوڵێک تەنیا بە ئامانجی ئاڵۆزترکردنی ڕەوشی یەمەن جێبەجێ دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی یەمەن وتی کە گەلی یەمەن هیچ گرنگی و بایەخێک بە هەوڵە نایاساییەکانی دەرەوەی سنورەکان نادات./.