بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە لە ڕۆژانی ڕابردوو ئۆکرانیا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی ئەو وڵاتە داوای دەرکردنی ڕووسیایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردبوو، لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە دەرکردنی مۆسکۆ لە ئەنجومەنی ئاسایش ئەستەمە.
ناوبراو وتی: ئەنجومەنی ئاسایش وەک بەرهەمی پێکهێنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی، ڕووسیا یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمە ڕاستییەکە و ناتوانرێت ئەم ڕاستییە بگۆڕین بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانین ئەوان لە ئەنجومەنی ئاسایش پەراوێز بخەین و دۆخەکە بۆ ئەوان ئەستەم بکەین.
سەرەڕای ئەمەش ئەو دیپلۆماتکارەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی هەوڵ دەدەن ڕووسیا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربکەن./.