مەسعود عەبدولخالەق لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 420 هەزار چەکداری بە ناوی بەرگری لە خاکی کوردستان هەیە بەڵام ئێمە هێرشەکانی داعش، حەشدی شەعبی، تورکیا و ئێرانمان بینی بەڵام ئەو هێزانە دەورێکی وەهایان نەبوو، ئەوەش خەتای هێزەکان نییە بەڵکوو خەتای ئەو سیستەمەیە کە هێزەکان بەڕێوە دەبات، لە بەر ئەوەی کە کاتی خۆی ئێمە تەنیا بە چەند هەزار پێشمەرگەیەکی کەمەوە توانیمان ڕێگری لە ڕژێمی بەعس بکەین بەڵام بە هۆی ئەوەی کە سەرکردایەتی کورد تووشی گەندەڵی بووە، ئەوژمارە زۆرەی هێزەکان هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەبووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: بەداخەوە حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئەو هێزە زۆرە کەچی بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان هەردەم چاوی لە یارمەتی دەرەکییە و زۆر جار دەبینین تورکیا زۆر بە ئاشکرا هاووڵاتی کورد شەهید دەکات کەچی دەسەڵاتی کوردی ناوێرێت ناوی تورکیا بێنێت و هەندێک جار پاساو بۆ هێرشەکانی ئەو وڵاتەش دەهێنێتەوە، بەڵام بۆ ئەو هێرشانەی کە ئێران کردوویەتییە سەر هەرێمی کوردستان کاردانەوەی توندی هەبووە، ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا هەیمەنەی خۆیی بە سەر هەرێمدا زیاتر زاڵ کردووە.
مەسعود عەبدولخالەق وتی: ئەم جیاکارییە لە هەڵوێست نواندن بەرامبەر بە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر دەسەڵاتێک لە گەڵ گەلەکەی خۆی ناتەبا بێت دەبێت سەر بۆ دەسەڵاتی دەرەکی و بێگانە شۆڕبکاتەوە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد