بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەیەکی تورکی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەم وڵاتە هەوڵی وتووێژ و دانوستان لە گەڵ بەرپرسانی سوریا دەدەن و ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات.
ڕۆژنامەی حوڕییەت لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی حکومی لە تورکیا ڕایگەیاند کە ئەنکەرە بەم دواییانە سیاسەتێکی هاوسەنگی لە ئاستی دەرەوە پەیرەو کردووە و هەروەها ڕۆڵی تایبەتی لە قەیرانی ئۆکرانیاش هەبووە، هەر بۆیە لە ئێستادا باشترین دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا هاتووەتە پێشەوە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەنکەرە لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ سوریا جەخت لە سەر سێ خاڵ دەکاتەوە: پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا، دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەڕانەوەی پەنابەران و ڕێگری لە چالاکییەکانی پەکەکە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، تورکیا ئەو پەیامەی گەیاندووەتە بەرپرسانی سوریا و ڕەنگە ئەو هەماهەنگییەش لە پێش سەردانەکەی بەشار ئەسەد بۆ ئیمارات بووبێت.
چەند هەفتە پێش ئێستا، سەرۆک کۆماری سوریا لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی عەرەبی بە سەردانێک گەیشتە ئیمارات و لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووە./.