بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕۆژی یەک شەممە 3 ی نیسان، لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، وێڕای پیرۆزبایی هاتنی مانگی ڕەمەزان لە گەلی عێراق و گەلانی موسڵمانی جیهان، جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە یەکڕیزی، سەربەخۆیی، ئاسایش و بەرزبوونەوەی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی عێراق دەکات.
ناوبراو وتی کە بچووکترین ئاڵۆزیی عێراق زیان بە تەواوی ناوچەکە دەگەێنێت و بۆ ئەمەش پاڵپشتی لە مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزتر لەم وڵاتە دەکەین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: تاران و بەغدا تەنیا پەیوەندییەکی دراوسێییان نییە بەڵکوو گەلانی هەر دوو وڵات پەیوەندییەکی برایانە و کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەیە و لە ساڵانی ڕابردووش هەنگاوی زۆر بۆ گەشە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان هەڵگیراوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختی لە سەر هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بە بێ دەستێوەردانی بێگانەکان کردەوە و وتی: تێپەڕبوونی کات ڕاستی وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی سەلماندووە و پشتڕاست کردووەتەوە کە ئەمریکا بە هیچ شێوازێک خەمخۆری گەلانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق نییە و ئەمڕۆ بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە بێگانەکان تەنیا هەوڵی گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان دەدەن.
بەرهەم ساڵح: چارەسەری قەیرانەکانی ناوچەکە، ناوخۆیی و بە بێ دەستێوەردانی دەرەکییە
هەر لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزان، جەختی لە سەر هاوکاری هاوبەشی هەر دوو وڵات بۆ زاڵبوون بە سەر قەیرانەکانی ناوچەکەدا کردەوە و وتی: جێگیربوونی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گرنگییەکی زۆری هەیە و لەم پێناوەدا بڕوامان بە ڕۆڵی کاریگەر و چالاکی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە.
ناوبراو وتی: تاران و بەغدا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تێڕوانین و ئامانجی هاوبەشیان هەیە و بە پتەوکردنی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی دەتوانن هەنگاوی بەسوود و کاریگەر لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و گەلانی ناوچەکە هەڵبگرن.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی کە چارەسەری قەیرانەکانی ناوچەکە تەنیا بە ئیرادەی وڵاتان و بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی دەبێت.
بەرهەم ساڵح لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە گەشەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و عێراق دەتوانێت لە پێناو خزمەت بە گەلانی هەر دوو وڵات کەڵکی بەکار بهێندرێت./.