بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە سەرکردەی گرووپی تاڵیبان ئەمڕۆ یەک شەممە لە فەرمانێکدا بەرهەمهێنانی هەموو جۆرەکانی مادە هۆشبەرەکانی لە ئەفغانستان قەدەغە کرد.
ئەنعاموڵڵا سەمەنگانی وتەبێژی تاڵیبان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند کە بە پێی فەرمانەکەی سەرکردەی تاڵیبان ڕێگری لە بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لە ئەفغانستان دەکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەوانەی سەرپێچی لە فەرمانەکە بکەن ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە و سزا دەدرێن.
بە پێی فەرمانەکەی سەرکردەی تاڵیبان، لە سەرتاسەری ئەفغانستان بەکارهێنان، گواستنەوە، بازرگانیکردن، هاوردە و هەناردە و کارگەکانی وەبەرهێنانی هەر جۆرە مادەیەکی هۆشبەر قەدەغە کراوە.
فەرمانەکە لە کاتێکدایە کە ئەفغانستان یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی مادە هۆشبەرەکانی جیهانە بە تەنیایی لە سەدا 90 ی تلیاکی جیهان دابین دەکات.
لە ماوەی 20 ساڵەی داگیرکاریی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە ئەم دیاردەیە بە شێوازێکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد./.