بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و شارەزایانی کاروباری ئەمنیی عێراق، حکومەتی ئەم وڵاتەیان بە تاوانباری پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق لە لایەن تورکیاوە ناو برد و و جەختیان کردووەتەوە کە ئەوەی ڕوو دەدات تەنیا پرۆسەیەکی سەربازیی سادە و کاتی نییە بەڵکوو پلانێکە بۆ جێگیرکردنی بەردەوامی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق.
حەسەن کەعبی ئەندامی فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە بەڵام حکومەتێکی بەهێز لە بەغدا نییە کە وەڵامی بداتەوە و بۆ ئەمەش پێویستە لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە پێک بهێندرێت.
ناوبراو وتی: حکومەت دەبێت هەنگاو و میکانیزمی ڕاگرتنی ئەو هێرش و دەسدرێژییەی بۆ سەر خاکی عێراق هەبێت، بۆ ئەمەش کارتی ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەتوانێت سوودی هەبێت، ئەویش بە پێی ئەوەی کە عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زۆری لە گەڵ تورکیا هەیە.
کەعبی وتی کە ئەم پرسە لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت و حکومەتی عێراق لێپرسینەوەی لێدەکرێت.
لە لایەکی دیکەوە هەیسەم خزعەلی شارەزا لە کاروباری ئەمنیی عێراق وتی کە بوونی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هێزێکی کوردی و بێدەنگی حکومەتی بەغدایە، تورکیا 22 ناوەندی ئەمنیی فەرمی و زیاتر لە 16 بنکەی سەربازیی هەیە و ژمارەیەک کۆمپانیاشی هەیە کە ئامانجی سەرەکی ئەوان کاروباری ئەمنییە.
ناوبراو وتی: حکومەتی بەغدا ئیدانەی ئەو پێشێلکارییەی تورکیا ناکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەردەوامیی هێرشەکان بۆ مانەوەی هێزەکانی تورکیایە لە خاکی عێراق و ئەنکەرە لاوازبوونی حکومەتی عێراق لە ئێستادا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی بەکار دێنێت.
خزعەلی وتی کە عێراق کارتی ڕوبەڕوبونەوەی تورکیای هەیە، وەک سکاڵای نێودەوڵەتی، دابەزاندنی ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و …. بەڵام بێدەنگی حکومەتی بەغدا وایکردووە کە تورکیا لە هێرش و دەسدرێژییەکانی بەردەوام بێت./.