بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەواڵەکە کورتە بەڵام واتایەکی گەورە لە خۆ دەگرێت: پرۆسەی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگری سعوودی، جەمال خاشقچی، لە ئیستەنبووڵ ڕاگیرا و دۆسیەکە لە لایەن بەرپرسانی دەزگای دادی تورکیاوە بۆ هەمیشە داخرا. شرۆڤەکاران دەڵێن کە بەم ئیمتیازە ئاڵتوونییەی ئەردۆغان بە سەلمان بن عەبدولعەزیز و محەممەد بن سەلمان، تورکیا خۆیی لە بەرامبەر سعوودیە بە دەستەوە داوە.
هەنگاوێکی دیکەی دەزگای دادی تورکیا ئەوەیە کە کۆی گشتی دۆسیەکە دەنێرێتە ڕیاز تا ئەوان خۆیان بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تیرۆری خاشقچی بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان بەردەوام ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە پێویستە تاوانباری سەرەکی لەم دۆسیەدا بناسرێت و تەواوی تاوانباران بۆ دادگاییکردن ڕەوانەی تورکیا بکرێن.
جەمال خاشقچی، یەکێک لە ڕۆژنامە دەستڕۆیشتووەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نووسەری ڕۆژنامەی واشنتن پۆست و ڕۆژنامەنووسی سعوودی، لە 2 ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018 لە کۆنسووڵخانەی سعوودیە لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا بە شێوازێکی دڕندانە تیرۆر کرا و تەرمەکەشی بە پارچە پارچەکراوی لە بینای کۆنسووڵخانە برایە دەرەوە.
تورکیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان
مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاوکات لە گەڵ بڕیارەکەی دەزگای دادی ئەم وڵاتە بۆ داخستنی دۆسیەی تیرۆری خاشقچی، ڕایگەیاند کە بۆ گەیشتن بە پەیوەندییەکی ئاسایی لە گەڵ سعوودیە، هەنگاوی گرنگ گیراوەتەبەر.
ناوبراو ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی تورکیا دەکات و ئەمەش وێنایەکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و ئەنکەرە دەبێت.
بەشێکی زۆری شرۆڤەکارانی سیاسیی ناوچەکە لەو بڕوایەدان کە کۆمەڵە کێشە و گرفتە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە، ئەنجامی ڕاستەوخۆی بڕیارە بەپەلە و بێ دووربینییەکانی ئەردۆغانە. ناوبراو لە دۆسیەی سوریا و میسر تا بوارەکانی دیکە، بە هەڵسووکەوتی تایبەت بە خۆی و بڕیاری بەپەلە و شانۆگەریی لە سیاسەتی دەرەوە، تێچوویەکی زۆری بە سەر وڵاتەلەی بە تایبەت لە بواری ئابوریدا سەپاندووە. ئێستاش ڕاوێژکارەکانی وایان لێکردووە کە واز لەو سیاسەتەی بێنێت و بیر لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە و وڵاتانی دیکە بکاتەوە.
بەم هۆیەوە، لە یەک ساڵی ڕابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چەندین شاندی ڕەوانەی ئیمارات، میسر و سعوودیە کرد و تەنانەت لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستیش پاشەکشەی لە بانگەشەکانی پێشووی بۆ پاڵپشتیکردنی ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین و قودس کرد.
هێشتا ماوەیەک بە سەر سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تورکیا تێپەڕ نەبووە کە ئەردۆغان ڕایگەیاند سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمەش سەردانێکی هاوشێوەی دەبێت. ئێستاش بڕیارەکەی تورکیا بۆ داخستنی دۆسیەی تیرۆری خاشقچی بە واتای ئەوەیە کە دەزگای دیپلۆماسیی دەرەوەی ئەردۆغان هەوڵی ڕەزامەندیی شای سعوودیە دەدات و بە پێی ئەوەی کە بڵاو بووەتەوە، مەلیک سەلمان بۆ ئەو مەبەستە چەند مەرجێکی هەیە.
ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ سعوودیە
بەشێک لە شرۆڤەکارانی عەرەب لە سەر زاری بەرپرسانی قەتەری ڕایانگەیاندووە کە پێشتر، ئەردۆغان هەوڵی ئەوەی داوە لە دەوحە لە گەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە کۆببێتەوە بەڵام بن سەلمان داوای لە ئەردۆغان کردووە کە دۆسیەی خاشقچی دابخات.
بە پێی زانیارییەکان، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ سعوودیە لە مانگی نیسان دەبێت و بۆ ئەمەش ئەردۆغان پێویستی بەوە هەبوو کە ئیمتیازێک بە دەسەڵاتدارانی سعوودیە بدات.
چەند مانگێک دەبێت کە تورکیا باڵیۆزی نوێی خۆیی ناردووەتە سعوودیە بەڵام پێشوازییەکی لاوازی لێکراوە و تەنیا هەنگاوی ئەوە بووە کە کۆتایی بە هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی تورکیا لە ناوەندە گەورەکانی کڕین و فرۆشتن لە سعوودیە بێنێت.
دەبێت چاوەڕوان بین کە بەم هەنگاوەی ئەردۆغان، سعوودیە بۆ گەشەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکیا تا چە ڕادەیەک حەز و خواستی خۆی پیشان دەدات./.