ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە قەیرانی سیاسی ئەم وڵاتە و بە تایبەت پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، وتی: یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەر لە سەرەتاوە جەختیکردووەتەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بە پێی عورفی سیاسیی پاش 2003 بۆ یەکێتی بووە و کاندیدی خۆیشی بۆ ئەو مەبەستە دیاری کردووە.
ناوبراو وتی: ئەگەر ویستی ئەوەمان بوایە کە لە گەڵ لایەنەکانی دیکە بگەینە ڕێکەوتن و گۆڕانکاری لە کاندیدەکەدا بکەین، دەمانتوانی دوو کاندیدی دیکە کە خۆمان دەمانویست دەستنیشان بکەین بەڵام بافڵ تاڵەبانی هەر لە سەرەتاوە لە کۆبوونەوەی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکان ڕایگەیاند کە تاکە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵحە.
ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەروەها وتی کە تا ئێستا هیچ هەوڵ یان بڕیارێک بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی هاوبەش لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق نەبووە و یەکێتی سورە لە سەر سەرکەوتنی بەرهەم ساڵح.
ڕێزان شێخ دلێر لە کۆتاییدا وتی: یەکێتی پابەندە بە سەرجەم ڕێکەوتنەکانی لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، بەڵام بە داخەوە پارتی پابەندی ڕێکەوتنەکەی لە گەڵ یەکێتی نەبووە و پێداگریی ئێستای ئەم حیزبە لە سەر ڕێکەوتنە سێقۆڵییەکەی لە گەڵ سەدر و حەلبوسی کاریگەری خەراپی لە سەر هەرێم و عێراق دەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەو سێ لایەنە دەیانەوێت لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بکەنە دەرەوە و هەموو پۆستەکان بۆ خۆیان بێت کە ئەوەش زیان بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەگەێنێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد