بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژمارەیەک لە میدیاکانی سعوودیە لە هەواڵێکی درۆ و پڕوپاگەندەدا ڕایانگەیاند کە عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران بڕیارە بۆ وتووێژ لە گەڵ لایەنە عێراقییەکان سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە سەردانی بەغدا بکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە هەواڵەکە بە تەواوی درۆیە و بە ئامانجی کاریگەری دانان لە سەر پرۆسەی سەرنەگرتووی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە لایەن پەرلەمانی ئەم وڵاتەوە بڵاو بووەتەوە.
ڕاشیگەیاند کە ئێران بەردەوام ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە دەستێوەردانی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا نییە و بە تەنیا پاڵپشتی لە خواست و ئیرادەی گەلی ئەم وڵاتە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە دەکات./.