بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەمتر لە یەک کاتژمێر پاش ئەو ئیهانەکردنەی نایف کوردستانی، خەڵک لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگادارییان بڵاو کردەوە و بەرەو بارەگای پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا بەڕێ کەوتن.
خەڵکی ناڕازی و توڕەی بەغدا چوونە ناو بارەگاکەوە و بەشێکیان سووتاند و بە ناوەندی پیلانگێڕی پێناسەیان کرد، ئەوان لە کاتێکدا کە وێنەی ئایەتوڵڵا سیستانی گەورە مەرجەعی شێعەکانیان بە دەستەوە بوو داوای داخستنی بارەگاکەی پارتییان دەکرد.
نایف کوردستانی لە تویتەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە من لە گەڵ مەرجەعێکی عەرەبیم لە ئالوبەیت، نەک لە گەڵ مەرجەعی فارسی و هیندی و ئەفغانی.
لایەنگرانی بزوتنەوەکانی نۆجەبا و کەتائیبی سەید شوهەدا لە ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەم ئیهانەکردنە لە نێو خۆپێشاندەرانی بەغدا دەبینران.
خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازیی بەغدا مەرجەعی باڵای شێعەکانیان وەک هێڵی سووری خۆیان ناو برد.
ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ژمارە تەلەفوونی نایف کوردستانییان بڵاو کردەوە.
بەشێک لە لاپەڕەکانی تایبەت بە گرووپەکانی خۆڕاگری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وتەیەکی شەهید ئەبومەهدی موهەندیسیان بڵاو کردەوە کە جەختیان لەوە کردبووە سەرجەم هێزەکانی حەشدی شەعبی لە خزمەت مەرجەعیەتی باڵادان و ئەو دەستانەی کە مەرجەعیەت بکەنە ئامانج، دەبڕدرێن.
پاش کاردانەوەی بەربڵاوی خەڵک، نایف کوردستانی تویتێکی دیکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە تویتی من سەبارەت بە مەرجەعیەتی عەرەبی، پاڵپشتی سیاسییە لە سەید موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمانی و نە لاوازکردنی پێگەی مەرجەعێکی تایبەتی وەک مەرجەعیەتی نەجەف کە لە لایەن جەنابی سەید عەلی سیستانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، هەندێک لە حیزبە سیاسییەکان سەر بە مەرجەعیەتی سیاسی بیانین.
پاش چوونی خەڵکی ناڕازی بەرەو بارەگای پارتی دیمۆکراتی کوردستان، نایف کوردستانی بۆ جاری چوارەم لە تویتێکدا داوای لێبوردنی کرد.
ئیخلاس سەباح ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە نوێنەرایەتی لەم حیزبە، ئیدانەی تویتەکەی نایف کوردستانیی کرد و ڕایگەیاند کە ئەوە بۆچوونی خۆیە و گوزارشت لە هەڵوێستی پارتی ناکات.
کەناڵی سابرین نیوز ڕایگەیاند کە ناوبراو ئەندامی شاندی کوردی لە دانوستانەکانی هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی پارتی، سەدر و حەلبوسی بووە.
وێنەیەکی نایف کوردستانی لە گردبوونەوەیەکی پارتی لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئەندامی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکرات بڵاو کرایەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەست کرا و باسیان لەوە دەکرد کە بە پێچەوانەی بەیاننامەکەی ئیخلاس سەباح گوزارشت لە پەیوەندییەکی نزیکی نایف کوردستانی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای پارتی دەکات.
لە پاش ئەم گۆڕانکارییانەش ڕاگەێندرا کە نایف کوردستانی بە تاوانی سووکایەتی بە مەرجەعیەتی باڵای نەجەف، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەر کراوە./.