بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی ناوەکیی ئێران لە بەرژەوەندی بەغدایە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا ئاگاداری کردووەتەوە کە دانوستانەکانی ڤیەننا لە قۆناغی کۆتاییدایە.
وەزیری دەرەوەی عێراق لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕۆڵی دیپلۆماسیی بەغدا لە نێوان تاران و واشنتن وتی: ئێمە لە گەڵ هەر دوو لا پەیوەندییەکی باشمان هەیە و لە ڕاستیدا لە سەرەتای دانوستانەکانەوە تا ئێستا بەردەوام پەیوەندیمان بەوانەوە کردووە، ئەوان سەبارەت بە دانوستانەکان لە گەڵ ئێمە قسەیان کردووە و ئێمەش هەوڵمان داوە لە نێوان تاران و واشنتن ئاڵوگۆڕی چەند پەیامێک بکەین.
فۆئاد حوسێن وتی کە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی عێراق و ناوچەکە کەم دەکاتەوە.
ڕاشیگەیاند کە ململانێکانی تاران و واشنتن کاردانەوەی لە سەر عێراق هەیە./.