بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هیشام شەرەف وەزیری دەرەوەی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن (سەنعا) بە بۆنەی حەوتەمین ساڵیادی شەڕی سەپێندراوی هاوپەیمانی سعوودیە لە پەیامێکی نووسراودا بۆ وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی سعوودیە لەم حەوت ساڵەدا تاوانی بێ وێنەی لە یەمەن کردووە.
لەو نامەیەدا هاتووە: لە حەوتەمین ساڵیادی دەسدرێژی سەربازی و گەمارۆدانی هەمەلایەنەی یەمەن بە سەرکردایەتی ئەمریکا، سعوودیە و ئیماراتداین و لەم حەوت ساڵەدا دوژمنان لە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکەوە تاوانی زۆریان کردووە کە لە مێژوودا نموونەیەکی بۆ نابینرێت، ئەو تاوانانەی کە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکانە.
هیشام شەرەف لە نامەکەیدا ڕایگەیاند کە تاوانبارانی هاوپەیمانی سعوودیە، لە یەکەم هەنگاودا خەڵکی یەمەن و سەروەری ئەم وڵاتەیان کردووەتە ئامانج و لە پێناو خوڵقاندنی کێشە و قەیرانی زیاتر بۆ ئەم خەڵکە و سیاسەتی برسیکردنی ئەوان هەوڵ دەدەن.
ناوبراو ڕەخنەی لەوە گرت کە هاوپەیمانی سعوودیە ڕێگری لەوە دەکات سووتەمەنی بگاتە بەندەرەکانی یەمەن و هەروەها فڕۆکەخانەی سەنعا داخراوە و بە کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی ناوی برد کە لە یەمەن ئێستا دەبینرێت.
وەزیری دەرەوەی یەمەن لە هەمان کاتدا جەختیکردەوە کە سەرەڕای شەڕ و تاوانەکانی هاوپەیمانی سعوودیە، بەڵام هێزی گەل و خۆڕاگریی ئەوان ڕووی لە زیادبوون کردووە و زیاتر لە جاران لە گەڵ سەرکردەکانی خۆیان یەکڕیزییان هەیە./.