بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامازۆن گرێبەستی کڕینی ستۆدیۆی بەناوبانگی بەرهەمهێنەری فیلمی مێترۆ گۆڵدێن مایر (MGM)ی بە بڕی ٨.٥ ملیارد دۆلار واژۆ کرد.
کۆمپانیای ئامازۆن ڕایگەیاند گرێبەستی کڕینی ستۆدیۆی بەرهەمهێنانی فیلم (MGM) کۆتایی پێهێناوە و ئێستا بە شێوازی فەرمی یەکێک لە گەورەترین کۆلێکسیۆنەکانی فیلم و زنجیرە فیلمی دونیا لە ژێر دەستی ئەو دایە.
ئەم کۆلێکسیۆنە بریتییە لە چوار هەزار فیلم و زنجیرە فیلم وەک؛ کۆی فیلمەکانی «جەیمز باند»، «هابیت»، «ڕاکی»، «ڕۆبۆکاپ»، «پڵنگی سوورەتی» و فیلمەکانی وەک «بێ دەنگی بەرخۆلەکان»، «حەوت سەرسوڕ هێنەر».
ستۆدیۆی «MGM» مافی نمایش کردنی ۱۷ هەزار بەش لە زنجیرە تەلەفزیۆنیەکانی وەک: «وایکینگها»، «فارگۆ»، «چیرۆکی نەدیمە»، «ناوبانگ»، «گلادیاتۆرە ئەمریکیەکان»، «ئێستارگیت» و هتدی هەبوو و ئێستاش کۆمپانیای ئامازۆن دەتوانێ ئەم بەرهەمانە لە ماڵپەڕی نمایشی ئۆنلاینی خۆیدا بنوێنێت.
ئامارزۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند پێشوازی لە هەموو ستافی «MGM» دەکات بۆ ئامادە بوون لەم کۆمپانیایە دا و لە گەڵ بەڕێوەبەری ستۆدیۆکەدا هاوکاری دەکات و کارمەندەکان بە هیچ شێوازێک کەم ناکرێنەوە.
بەشی میدیا و سەرگەرمی تەنیا بەشێکی بچووکی ئێمپراتۆرییەتی گەورەی ئەمازۆنە و ئەم کۆمپانیا لە ساڵی ڕابردوودا ۱۱ ملیارد دۆلاری بۆ کڕینی فیلم و زنجیرە فیلم و مۆسیقا و نمایشی ئۆنلاین خەرج کردووە، ئەم خەرجییە ٤۰٪ بە نیسبەت ساڵی پێشترەوە زیادی کردووە.