کاروان یاروەیس لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەزموونی هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەوە ناگرێت کە کورد بچێتە ناو هەندێک ململانێ کە زیاتر پەیوەندی بە خۆیەوە نییە، لە بەر ئەوەی کە ئێمە وەک نوێنەرانی کورد لە بەغدا ئەرکمان دیاریکراوە و ئەویش داکۆکییە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کورد.
کورد نابێت لە دژی لایەنێک ببێتە هاوپەیمانی لایەنێکی دیکە
ناوبراو وتی: ئێمە لە گەڵ ئەوەدا نەبووین کە بچینە هاوپەیمانییەکەوە لە دژی لایەنێکی دیکە، بە تایبەت دژ بە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی شێعە. بۆچوونی یەکێتی ئەوە بوو کە لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە یەک تیمی هاوبەش لە بەغدا ئامادە بین و تاوتوێی بارودۆخەکە بکەین و لە گەڵ لایەنێک دژ بە لایەنێکی دیکە نەبین.
کاروان یاروەیس شێعەکانی بە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی کورد و پێکهاتەیەکی سەرەکی لە عێراق ناو برد و جەختیکردەوە کە بە بێ ئەوان کاروباری عێراق بەڕێوە ناچێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ڕوونیکردەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەڵ ڕێکەوتنی سیاسیدایە و کاتێک نووسینەوەی دەستوور لە عێراق دەستیپێکرد نوێنەرانی کورد داکۆکییان لەوە کردووە کە پرسی ڕێکەوتنی سیاسی پەیرەو بکرێت لە بەر ئەوەی کە مافی هیچ پێکهاتەیەک لە لایەن پێکهاتەکانی دیکەوە پێشێل نەکرێت.
کارکردن بە ژمارەی کورسی، بەرژەوەندییەکانی کورد مسۆگەر ناکات
وتیشی کە کارکردن بە ژمارەی کورسی، هاوسەنگی هێز لە عێراق تێک دەدات و کورد لەمەش زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و بەو ڕێژە کورسییەوە هیچی بۆ ناکرێت.
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی بارزانی، سەدر و حەلبوسی لە بەر تێکدانی بنەمای تەوافوق و ڕێکەوتن، لە داهاتوودا زیانی بۆ کورد دەبێت و هەر ئێستاش ئەو هاوپەیمانییە کێشە و گرفتی زۆری بۆ عێراق درووست کردووە.
دەرفەتی لێک تێگەیشتنی پارتی و یەکێتی ماوە
کاروان یاروەیس لە کۆتاییدا وتی کە هێشتا کات ماوە بۆ ئەوەی هەمووان بگەڕێنەوە سەر بنەمای سازانی نیشتمانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش پێویست بەوە دەکات لە سەر ئەم پرسە لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان کۆببێتەوە، هەوڵی وەهاش هەیە بەڵام بە فەرمی نەبووە و لە هەر حاڵەتێکدا تەنیا کۆبوونەوە و ڕێکەوتنی هەر دوو لا چارەسەر دەبێت، بە پێچەوانەی ئەمەش دوا جار زیانی بۆ هەمووان دەبێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد