ڕێبوار محەممەد، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە سەر کۆنتڕۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی وزەیە و بە داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 تا ڕادەیەک ئەو ئامانجەی پێکاوە و لەو کاتەوە تا ئێستا عێراق ناتوانێت لە ژێر هەژموونی پلانی وزەی ئەمریکا دەربچێت، هەروەها وڵاتە عەرەبییەکانیش لە دۆخێکی هاوشێوەدان و ناتوانن کارتی نەوت و وزە لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەکار بێنن، هەروەها دۆخێکی وەها وایکردووە کە لە کاریگەری وزەی ئێرانیش کەم بکاتەوە.
ناوبراو بەشێکی دیکەی سیاسەتی ئەمریکای لە ناوچەکە بە تایبەت لە سوریا بۆ پاڵپشتی لە ڕژێمی زایۆنیستی گەڕاندەوە و وتی: ئەمریکا تا ڕادەیەک کۆنتڕۆڵی بریاری سیاسیی لە ناوچەکە کردووە، لە تورکیا، وڵاتە عەرەبییەکان و … کە ناتوانن بچنە بەرەیەکەوە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوان دەبێت ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەمریکا بن یان بێلایەنی خۆیان بپارێزن.
ڕێبوار محەممەد لە درێژەدا وتی کە ئەمریکا گۆڕانکاریی لە سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکردووە و تەنیا تەکتیکی خۆیی گۆڕیوە و هێز و توانای خۆی لە پێناو ڕوبەڕوبونەوەی چین ئامادە دەکات.
ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و شێوازی مامەڵەکردنی سەرکردایەتی کورد لە گەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وتی: هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ و دەبێت هەڵسووکەوتی لە چوارچێوەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بێت و بە شێوەیەک سیاسەت بکات کە هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان بە پێی هێز و توانای خۆی ڕابگرێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد