بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی سەبارەت بە دوایین دۆخی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق وتی: بە پێی ئەوەی کە ئەمساڵی دۆخی کۆرۆنا تا ڕادەیەک ئاسایی بووەتەوە و هاتووچۆ نێوان هەر دوو وڵات باشتر بووە و هەروەها داهاتی وڵاتی عێراقیش بەرز بووەتەوە، ڕێژەی هەناردەی ئێرانیش بۆ ئەم وڵاتە باشتر بووە و ئەمساڵ گەیشتووەتە دۆخی بازرگانیی دوو ساڵی ڕابردوو.
ناوبراو وتی: لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ هەناردەی ئێران بۆ وڵاتانی دیکە بەرزبوونەوەی هەبووە و لە کاتێکدا کە مامناوەندی 10 مانگەی هەناردە 3 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار بووە لە مانگی ڕێبەندان ئەو ڕێژەیە گەیشتە 4 ملیار و 750 ملیۆن دۆلار.
حوسێنی وتی کە هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی 1400 ی کۆچی هەتاوی گەیشتووەتە 9 ملیار دۆلار. لە 10 مانگەی ئەمساڵ 7 ملیار و 290 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق کرا کە لە 11 مانگەدا ئەو ڕێژەیە گەیشتە 8 ملیار و 220 ملیۆن دۆلار و لەم مانگەشدا ڕێژەی 9 ملیار دۆلاری ساڵانە مسۆگەر بووە.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران – عێراق وتی: ئەمساڵ یەک ملیار دۆلار کاڵا لە عێراقەوە هاوردەی ئێران کراوە.
ناوبراو سەبارەت بە هەناردەی کاڵای ترانزێتیش وتی: ساڵانە نزیکەی 4 تا 5 ملیار کاڵای ترانزێتی هەناردەی عێراق دەکرێت کە ئەم ڕێژەیە لە ڕیزی کاڵای هەناردەکراوی ئێراندا هەژمار ناکرێت بەڵام وڵاتانی وەک تورکیا هەناردەی کاڵای ترانزێتی وەک کاڵای هەناردەکراوی خۆیان هەژمار دەکەن./.