بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حاییم ڕامون لە وەزیرانی پێشووتری کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی کە لە ساڵی 2006 وەزارەتەکانی داد و ناوخۆی لە ئەستۆ بووە، لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ئەو ڕژێمە باسی هێرشەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بۆ سەر بنکەیەکی هەواڵگریی مۆساد لە هەولێر کرد.
ناوبراو سەبارەت بەو هێرشە وتی: ئێرانییەکان – وەک چۆن کە پێدەچێت – هێرشیان کردووەتە سەر شاندێکی نێردراوی ئیسرائیل و نەک ئەمریکا لە هەولێر.
ئەو بەرپرسەی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی وتی: درۆنەکان چەکێکی نوێن کە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن لە بەر ئەوەی کە هەرزان و کاریگەرن و زیانی مرۆڤیشیان نییە و هیچ مەترسییەکیشیان لە سەر بەکارهێنەرەکەیان نییە.
حاییم وتی: ئەوەمان بینی کە درۆنەکان چۆن هێرشیان کردە سەر سعوودیە و دامەزراوەکانیان کردە ئامانج، هەوڵێکیش هەیە کە لەو ڕێگایەوە هێرش بکرێتە سەر ئیسرائیل.
هەروەها کەناڵی المیادین لێدوانی نوعام ئەمیر پەیامنێری بەشی ئاسایشی ڕۆژنامەی عبری زمانی مکور ڕیشۆنی بڵاو کردووەتەوە کە ڕایگەیاندووە ئەمریکییەکان هێرشی سەر شاندەکەی ئیسرائیلیان پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەمیر وتی: ڕاستە کە ئەمریکییەکان ناڵێن هێرش کراوەتە سەر مۆساد، بەڵام ئەوان دەڵێن کە شاندە نێردراوەکەی ئیسرائیل لەو بینایەدا بووە./.