بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە کۆبوونەوەیەکی ناوخۆیی حیزبوڵڵای لوبنان سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە وتی: هەوڵەکانی ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانمانە و وەک چۆن کە بۆ کاندیدەکانی خۆمان کار دەکەین، بۆ کاندیدەکانی ئەوانیش هاوکار دەبین.
ناوبراو بە ئاماژە بە سەردەمی شەڕی 33 ڕۆژەی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ لوبنان لە ساڵی 2006 کە بە شەڕی تەمموز ناسراوە، وتی: ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە کە نابێت لە هیچ کابینەیەکدا نەبین و بوونی ئێمە بۆ بەرگری و پاڵپشتی لە خۆڕاگری بە پێویست دادەنرێت، تەنانەت ئەگەر لە حکومەتێکدا بین کە سەرۆکەکەشی دژی ئێمە بێت.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: ئامانجی ئێمە سەرکەوتنە و دەبێت سەرکەوتنیش مسۆگەر بکەین، دوژمنی ئێمە هیچ پلانێکی نییە و تەنیا باس لە چەکی خۆڕاگری، ئێران و زاڵبوونی حیزبوڵڵا بە سەر حکومەتدا دەکات.
ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان هەڵبژاردنەکانی داهاتووی بە قۆناغێکی گرنگ و مەترسیداری لوبنان ناو برد و وتی: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چارەنووسی شەڕەکانی دیکەش دیاری دەکات و ئەم قۆناغەش پێویستی بە ووشیاری هەیە و وەک شەڕەکانی دیکەی خۆڕاگری بە سەرەکی و گرنگ دادەنرێت.
وتیشی کە ئێمە دەمانەوێت هەموومان پێکەوە سەرکەوتن بە دەست بێنین لە بەر ئەوەی کە شەڕەکەی ئەمڕۆ تەنیا لە دژی حیزبوڵڵا نییە بەڵکوو بۆ وەرگرتنی پشکی هاوپەیمانەکانی ئێمەشە و وەک چۆن کە بۆ سەرکەوتنی خۆمان کار دەکەین بە هەمان شێوە بۆ سەرکەوتنی هاوپەیمانەکانیشمان کار دەکەین./.