بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد ناتقی کە چەند ڕۆژێکە بە بۆنەی ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لە سەر بانگهێشتی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دەزگای میدیایی جام کوردی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە سەردانەکەی بۆ شاری هەڵەبجە لە کۆلێژی زانستە مرۆڤییەکانی زانکۆی ئەم شارە سیمینارێکی پێشکەش بە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە کرد.
ناوبراو پاشان سەردانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی کرد و بەشداریی ڕێوڕەسمی دابەشکردنی دوو کتێبی یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد. ئەو دوو کتێبەش بە ناوەکانی ” بیرەوەرییەکانی خەڵکی هەڵەبجە، ئەو کاتەی ئێران تەنیا پەنا و پشتیوان بوو ” و ” پەیوەندییەکی ژەهراوی، ئەمریکا، عێراق و بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە ” لە لایەن دەزگای میدیایی جام کوردییەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
هەروەها چەند کەس و لایەن و هاووڵاتیانی هەڵەبجە خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەو وێنەگرە بەناوبانگە ئێرانییە بەخشی بە هۆی ئەوەی کە لە ڕێی کامێرا و وێنەکانییەوە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جیهان ناساند.
کەڵک لە هەواڵ و وێنەکانی ڕۆژنامەنووس ڤینۆس تۆفیق وەرگیراوە (جام کوردی).