بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی سیخوڕی و پیلانگێڕیی ڕژێمی زایۆنیستی لە هەولێر، وتی: بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە کە یەکێک لە دراوسێکان کە پەیوەندییەکی قووڵ و هاوکاریی لە گەڵ ئێمە هەیە ببێتە سەرچاوەیەکی هەڕەشە لە سەر ئێران.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە چەندین جار لە خاکی عێراقەوە ئاڵۆزیی ناوەتەوە و چەندین کۆبوونەوەی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش لە هەرێمی کوردستان کراوە و بە لای ئێرانەوە قبووڵکراو نییە کە لە نزیک سنورەکانی ئەم سەرچاوەی هەڕەشە و پیلانگێڕییە هەبێت، چ لە لایەن گرووپەکانی دژبەری شۆڕشەوە بێت بۆ ناردنی تیرۆریستان و کاری تێکدەرانە یان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە هەرێمی کوردستان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی کە لە کۆبوونەوەکاندا ئەمە باس کراوە و چاوەڕوانی ئەوەش دەکەین کە حکومەتی ناوەندیی عێراق یەک جار بۆ هەمیشە کۆتایی بەم دۆخە بێنێت و دەرفەت و موڵەتی ئەوە نەدات سنورەکانی بۆ کاری تێکدەرانە بەکار بهێندرێت./.