بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی سیخوڕیی ڕژێمی زایۆنیستی لە هەولێر باس لە قۆناغێکی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوخۆی ئەم وڵاتە دەکات.
لە بەیاننامەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵادا هاتووە: پرۆسەی بۆردومانکردنی بنکەیەکی پێشکەوتووی ڕژێمی زایۆنیستی لە هەولێر لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە کە تێیدا چەند ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگری ئەو ڕژێمە کوژران و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون، پرۆسەیەکە کە باس لە قۆناغێکی دیکەی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوخۆی عێراق دەکات.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێرشەکە لە وەڵامی هێرشێکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئێران لە ڕێگای درۆن و لە خاکی عێراقەوە بووە.
کەتائیبی حیزبوڵڵا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بنکە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بێگانە دەبێت لە عێراق نەمێنن تا ئەم وڵاتە لەمە زیاتر نەبێتە شوێنی ململانێ و پێکدادانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
کەتائیبی حیزبوڵڵا هەروەها ڕەخنەی لەوانەش گرتووە کە ئیدانەی ئەم هێرشەیان کردووە و لە کاتی هێرشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر هێزەکانی عێراق و کۆگاکانی چەک بێدەنگ بوون./.