بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سیمینارەکە لە کۆلێژی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بوو و تێیدا ئەحمەد ناتقی وانەیەکی سەبارەت بە گرنگی بەدیکۆمێنتکردنی ڕووداوەکانی شەڕ پێشکەش بە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو سیمینارەدا بە وردی باسی ڕووداوەکانی ڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەو تیمە ڕۆژنامەوانییانە کرد کە لەو کاتەدا لە شارەکەدا بوون بە تایبەت تیمە ئێرانییەکان.
ئەحمەد ناتقی خاوەنی نزیکەی 400 وێنەی خەمناکی تاوانەکەی ڕژێمی بەعسە لە کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە لە 16 ی ئاداری ساڵی 1988.
هەروەها ناوبراو سوپاسی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و دەزگای میدیایی کوردساتی کرد کە هاوکارییان کردووە بۆ سەردانیکردنی هەڵەبجە و چاپکردنی کتێب و کردنەوەی پێشانگا و پەخشکردنی فیلم و کارە دیکۆمێنتارییەکانی لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەو کەناڵە.
ئەم هەواڵە لە ڕۆژنامەنووس ڤینۆس تۆفیق وەرگیراوە.