بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق وتی کە ئێران ڕێز لە دەسەڵات و سەروەری عێراق و گەل و حکومەتەکەی دەگرێت و هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێریش نە لە دژی عێراق، بەڵکوو کاردانەوەیەک لە دژی زایۆنیستەکان و بنکەی سیخوڕیی مۆساد بووە.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری کەربەلا وتی: ئێمە ڕێز لە دەسەڵات و سەروەری عێراق دەگرین.
مەسجدی پرسیاری ئەوەیکرد کە بۆ هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد؟ و وتی: لە بەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان ئەبومەهەدی موهەندیس و فەرماندە قاسم سولێمانییان لە خاکی عێراق شەهید کرد و دەبوو وەڵامی ئەوەیان وەربگرتبایە، ئێمە لەو کاتەدا تەنیا یەک کاردانەوەمان هەبوو کە لە عەین ئەسەد ڕوویدا و ئامانج لەوەش سەروەری و دەسەڵاتی عێراق نەبوو بەڵکوو وەڵامێک بۆ ئەمریکییەکان بوو.
باڵیۆزی ئێران وتی: لە هەرێمی کوردستان بنکەیەکیان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کردووەتەوە و لەوێوە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکی دەکرد، ئەمەش بە لای ئێمەوە هێڵی سوورە، بەرپرسانی هەرێممان لەوە ئاگادار کردەوە بەڵام بەداخەوە کە لەو بنکەوە لە دژی ئێران هەنگاو نرا و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەڵامی دایەوە.
بە وتەی مەسجدی ئەمەش کاری بە دەسەڵاتی عێراقەوە نییە و بێڕێزیش بە خەڵک و حکومەتی عێراق نییە، ئێمە دەمانەوێت سەرەتا ئێوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، ئەگەر نەکرا کۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە لە دژی ئاسایشی نیشتمانیی دەکرێت دەستەوەستان بێت. ئەم هێرشە مووشەکییەش لە دژی زایۆنیستەکان بووە نە لە دژی ئەمریکییەکان و عێراق.
وتیشی کە نە ئێمە و نە عێراقییەکان نامانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە بنکەی زایۆنیستەکان لە بەر ئەوەی کە ڕژێمی تەل ئەبیب لە دژی هەر دوو گەلی ئێران و عێراق پیلانگێڕی دەکات./.