بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لۆئیس لاواک و ئەلکس هورتۆن پەیامنێرانی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ی ئەمریکا ڕاپۆرتێکیان لە سەر هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێر بڵاو کردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسێکی ئەمریکا بە ئاماژە بە وتووێژی لە گەڵ هاوتای عێراقیی خۆی ڕایگەیاندووە کە ئامانجەکان ئەو شوێنانە بوون کە پێدەچێت شانەیەکی مۆساد تێیدا سەرقاڵی چالاکی بوون.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە هەروەها ئاماژەی بە لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاش ڕووداوەکە داوە و ڕایگەیاندووە کە هیچ دامەزراوە و کەسێکی ئەمریکی زیانی بەرنەکەوتووە و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە ئەو هێرشە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بووبێت./.