بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدر حوسێنی شارەزا لە کاروباری ناوچەکە سەبارەت بە هێرشی مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ سەر چەند بنکەیەکی سیخوڕی و پیلانگێڕیی ڕژێمی زایۆنیستی وتی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە دژی ڕاوێژکارانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران کرا، هۆکارە سەرەکییەکەی ئەوە بوو کە سرنجی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بگەڕێنێتەوە و ئەوەی کە لە ناوچەکانی دیکە ڕوو دەدات نەبێتە هۆی پەراوێزکەوتنی ئێران لە سیاسەت و تێڕوانینی ئەمریکییەکانەوە. خوێندنەوەی زایۆنیستەکان ئەوە بوو کە بە تۆڵەی خێرای ئێران کە پێشتریش لە بەرزاییەکانی جۆلان کرابوو، ئەمجارەش بە خێرایی تۆڵە دەکرێتەوە و بەمەش هەلومەرجێک دەڕەخسێنێت کە دیسانەوە ئەمریکا سرنج بخاتەوە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و پاڵپشتی لەو ڕژێمە بکات.
ناوبراو وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی ئەمڕۆ لە دانوستانەکانی ڤیەننا و ڕووداوەکانی ئۆکرانیا هەست بە نیگەرانیی ئەمنی دەکات.
ئەو شرۆڤەکارە ئێرانییە لە درێژەدا وتی: ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکەی سوریاوە نییە، کات و شوێنی وەڵامدانەوەی کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی وەک خۆی ماوەتەوە تا لە هەلومەرجێکی پێویست و لە کەشێکی گونجاودا کە بتوانرێت تۆڵەی خوێنی شەهیدە ئازیزەکان بکرێتەوە، لە دژی ئەو ڕژێمە تاوانبارە هەنگاوی کاریگەر هەڵبگیرێت.
سەدر حوسێنی وتی: میدیاکانی بێگانە هەر لە سەرەتای هێرشەکەی هەولێرەوە دەستیان دایە پڕوپاگەندەی ئەوەی کە وەڵامی شەهیدکردنی دوو ڕاوێژکارە ئێرانییەکە لە سوریا بووە، بەڵام ئەمە بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە.
ناوبراو وتی: دەبێت لە سەر ئەم ڕووداوە بڵێین کە هێرشەکەی شەوی ڕابردوو وەڵامی ئەو پیلانگێڕییەی ڕژێمی زایۆنیستی بوو کە لەو ناوچەیەوە کرابوو و بنکەی سیخوڕی و هەواڵگری و پیلانگێڕی و مەشق و ڕاهێنانی زایۆنیستەکان بە مووشەکی بالستی کرایە ئامانج.
وتیشی کە هیچ بنکە و بارەگایەکی سەر بە ئەمریکییەکان لەو هێرشەدا زیانی بەرنەکەوتووە و هیچ عێراقییەکیش نەکوژراوە یان بریندار نەبووە بەڵام چەند ئەفسەرێکی مۆساد کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
ئەو شارەزایەی کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا وتی کە ئەمڕۆ خۆڕاگریی عێراق ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ داگیرکارانی سوپای ئەمریکا دەبینێت و تا پاککردنەوەی تەواوی عێراق درێژە بە هەنگاوە شۆڕشگێڕانەکەی خۆی دەدات./.