بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە سەر کۆبوونەوەی فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە لە گەڵ محەممەد حەسەن شێخولئیسلامی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆنگرەی دیپلۆماسیی ئەنتالیای تورکیا ڕاگەێندراوێکی بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە هەر دوو لا سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە بە گشتی بە تایبەت لە بواری سیاسی و ئەمنی و هەروەها ڕەوتی دانوستانەکانی ڤیەننای نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان و کاریگەرییەکانی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە وتووێژیان کردووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە سەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بەغدا خوازیاری باشترین پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران.
فۆئاد حوسێن ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی ئەمڕۆی نێوان وڵاتانی جیهان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، ڕوبەڕوبونەوەی مەترسییە هاوبەشەکان و هەروەها پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان گەلانە./.