بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، ڕۆژی شەممە 12 ی ئاداری 2022، بە سەردانێک گەیشتە شاری کەرکوک و یەکەم پێشانگای تایبەتی بازرگانیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە سەرکردەوە و لە گەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا بەشداربووەکان و هەروەها سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەم شارە وتووێژی کرد.
ڕەشنودی لەو وتووێژەدا جەختی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتی عێراق کردەوە و وتی: دوو وڵاتی دراوسێی ئێران و عێراق لە ئێستادا پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە هەیە و پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەو گەشەی زیاتریش دەڕوات.
ناوبراو بە ئاماژە بە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە بواری کەلتوری و ڕۆشنبیریدا وتی: سەرجەم هەوڵەکانمان بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و ئاسانکاری بۆ چالاکوانانی ئابوری بەکار دێنین.
سەرکۆنسووڵی ئێران هەروەها ئامۆژگاریی کۆمپانیاکانیشی کرد کە کردنەوەی لق و نوێنەرایەتی خۆیان لە کەرکوک و هەرێمی کوردستان بە گرنگ بزانن تا وێڕای پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ئەم بازاڕە، بەرهەم و کاڵای خۆیان ڕاستەوخۆ بە دەستی کڕیارەکان بگەێنن.
نەسروڵڵا ڕەشنودی هەروەها لە وتووێژی لە گەڵ سەڵاحەدین ساڵحی سەرۆکی ژووری بازرگانی کەرکوک جەختی لە سەر بەردەوامی کردنەوەی پێشانگا بازرگانییەکانی ئێران کردەوە و وتی کە کۆمپانیا ئێرانییەکان بە تایبەت لە بواری کەرەستە و پێداویستی بیناسازی توانایەکی زۆریان هەیە و دەتوانن یارمەتیدەری کەرکوک بن.