بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژە بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی 1+4 جەختیان لە سەر لەبەرچاوگرتنی هێڵە سوورە ڕاگەێندراوەکانی ئێران لەم دانوستانانە کردەوە.
دەقی ئەو بەیاننامەیە لە درێژەدا هاتووە:
بە ناوی خودا
داوا لە شاندی دانوستانکاری وڵات دەکەین کە لە دانوستانەکانی ئێستای ڤیەننا خۆیان بە وادە دیاریکراوەکانی ڕۆژئاواوە سنوردار نەکەن و بە خۆڕاگری لە پێناو پاراستنی سەرچاوە نیشتمانییەکان، داواکارییە سەرەکییەکان و پاراستنی هێڵە سوورە ڕاگەێندراوەکان بە بێ هیچ کات بە فیڕۆدانێک شوێنگری بکەن. لە ئێستادا کە ڕۆژئاوا بە هۆی قەیرانەوە پێویستی زیاتری بە وزەی ئێران هەیە، نابێت بە بێ دابینکردنی داواکارییە ڕەواکانی ئێران پێویستیی ئەمریکا بگاتە دابەزینی نرخی نەوت.
داوا لە شاندی دانوستانکار دەکەین بە وەرگرتنی دەستەبەری تەواوی ئابوری، تەکنیکی و سیاسی لە لایەن ئەمریکاوە ڕێگری لە هەڵەی دووبارەی دەسەڵاتدارنی ئەو وڵاتە و کشانەوەی نایاسایی لە ڕێکەوتنی ناوەکی بکرێت. پاراستنی بنەما سەرەکییەکانی پلانی ناوەکی ئێران لە ناوخۆ، بەهێزترین دەستەبەرە بۆ ڕێگری لە ئەزموونی هاوشێوە و هەروەها پێویستە کار لە سەر قەرەبووی زیانەکانی ئەمریکا لە سەر ژیانی خەڵکیش بکرێت. هەڵگرتنی گەمارۆکان دەبێت تەواو و کاریگەر بێت و هەڵگرتنی بەشێک ئەویش لە سەر کاخەز ناتوانێت بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێمە دابین بکات.
پەرلەمانی ئێران (ئەنجومەنی شورای ئیسلامی) وێڕای جەختکردنەوەی دووبارە لە سەر ئامانجەکان و چوارچێوەی یاسایی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان، هەر ڕێکەوتنێک بە بێ بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئێران بە لەبەرچاونەگرتنی مافی گەل دەزانێت و بە پێداگری لە سەر میکانیزمی مادەی 7 ی یاسای وەڵامدانەوەی ستراتیژیی ئێران، دووبارەکردنەوەی سنورداربوونی پلانی ناوەکی و ناوخۆیی وڵات بە بێ کاریگەریی هەڵگرتنی گەمارۆکان ڕەتدەکاتەوە./.