بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی سابرین نیوز ڕایگەیاندووە کە دەیان تەقینەوە شاری هەولێری هەژاندووە.
لە هەواڵێکی ئەو پێگەیەدا هاتووە کە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە نزیک بنکەی سەربازیی هەریر، فڕۆکەخانەی هەولێر و کۆمەڵەی سەڵاحەدین لێدراوە.
ئەو میدیا عێراقییە ڕایگەیاندووە کە دەیان ڕۆکێت ئاراستەی شاری زێڕین لە هەولێر و یەکێک لە بنکە سەربازییەکان و شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکی کراوە.
سابرین نیوز هەروەها ڕایگەیاندووە کە 12 مووشەک ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەولێر کراوە.
لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە کە شایەتحاڵانی خۆجێی ڕایانگەیاندووە کە لانیکەم 6 ڕۆکێت بەر پێگەی هێزەکانی ئەمریکا لە شاری زێڕین کراوە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە سابرین نیوزیان ڕاگەیاندووە کە ئاگرکەوتنەوە لە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر هەبووە و زەنگی ئاگادارکردنەوەش لە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لێدراوە.
لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە مووشەکی جۆری گراد کراونەتە ئامانج.
هاوکات میدیا عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە دەروازەکانی گەیشتن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا داخراون و لە سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە عێراق ئامادەباشی تەواو ڕاگەێندراوە./.