بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە واشنتن بە هۆی کێشەی داراییەوە داخراوە.
واشنتن بە دیپلۆماتکارانی ئەو باڵیۆزخانەیە 30 ڕۆژ موڵەتی داوە کە مانەوەی خۆیان لە ڕێگای ڤێزەی مرۆڤدۆستانەوە یەکلایی بکەنەوە و بە پێچەوانەی ئەمەش لە ئەمریکا دەردەکرێن.
بەرپرسانی ئەمریکی لە هەمان کاتدا ڕایانگەیاندووە کە ئەو دیپلۆماتکارانە ڕەوانەی ئەفغانستان ناکرێنەوە بەڵام تا ئێستا دیار نییە کام وڵات بۆ مانەوەی خۆیان هەڵدەبژێرن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داواکاری مانەوەی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئەفغانستانی ڕەتکردووەتەوە.
بە هۆی کەوتنی حکومەتی کابوڵ، ئەمریکا زنجیرە سزایەکی بە سەر ئەفغانستاندا سەپاند و حسێبە بانکییەکانی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتەشی لە واشنتن بلۆک کرد و ئەمەش وایکرد کە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکە بە چەندین مانگ مووچە وەرنەگرن و لە دۆخێکی ئابوریی دژواردا بن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تا حکومەتی تاڵیبان لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی نەناسرێت، ڕێگا بە هیچ دیپلۆماتکارێکی ئەفغانستان نادات سەردانی ئەم وڵاتە بکات./.