بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەڵای جەلالەدین لە ساڵی 2008 نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکرد و پاش چوار ساڵی لە ساڵی 2012 وەک مۆزەخانەی کەلتوریی قەڵای جەلالەدینی گەرمە کرایەوە.
مێژوو
شار و گوندەکانی باکوری خۆراسان لە سەرجەم قۆناغە مێژووییەکاندا، بەردەوام لە لایەن گرووپ و هۆزەکانی ئاسیای ناوەڕاست و باکورەوە هێرشیان دەکرایە سەر. هەر بۆیە درووستکردنی قەڵا و قەڵغانی بەر شارەکان گرنگییەکی زۆری هەبووە. شارەکانی جاجرم و گەرمەش بە پێگەی ستراتیژیی خۆیانەوە بەدەر لەم سیاسەتە نەبوون و قەڵای جەلالەدین بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی ناوەندێکی چاودێری و قەڵایەکی پاراستنی سەربازیی گێڕاوە.
بە پێی تایبەتمەندی بیناسازی و بۆچوونی شارەزایانی ئاسەوارناسییەوە، مێژووی ئەم ئاسەوارە مێژووییە بۆ سەدەکانی 6 و 7 ی کۆچی مانگی گەڕاوەتەوە کە لە سەردەمی حکومەتی خواڕەزمشاییەکان و هێرشی مەغولەکان بۆ ئێران بووە.
تایبەتمەندیی بیناسازی
قەڵای جەلالەدین لە ڕووی بیناسازییەوە هەڵگری تایبەتمەندییەکی زۆرە. پێگەی جوگرافیی ئەم قەڵایە کە لە سەر ڕێگای پەیوەندیی نێوان شارەکان و ناوەندەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی ئەو سەردەمە بووە، گرنگییەکی کەم وێنەی پێبەخشیبوو.
لەم بینایەدا بەدەر لە شوێنی نیشتەجێبوون، پاراستنی سەربازی، شوێنی هەڵگرتنی خۆراک و دانەوێڵە و پێداویستییەکانی ئەو سەردەمە هەبووە و بۆ ماوەی چەند مانگ ڕێگری لە لەناوچوونی دەکرا و بەمەش ڕۆڵی گرنگی لە ڕوبەڕوبونەوەی هێرشی سەر خەڵکی ناوچەکە هەبووە.
لە ناو قەڵاکەش چەندین بیری ئاو هەبووە کە ئاوی پێویستی بۆ دانیشتووانی قەڵاکە بە بەردەوامی دابین کردووە. بە پێی ئەوەش کە قەڵاکە لە سەر گردێک بونیاد نراوە، هەڵکەندنی ئەو بیرانە وەک چۆن کە شارەزایان باسیان کردووە، وەک شاکارێک لە بیناسازی و کەرتی ئاوەدانکردنەوەی ئەو سەردەمە بووە و هەر ئێستاش هەڵگری تایبەتمەندی و گرنگیی خۆیە.
نۆژەنکردنەوە
بینای قەڵای جەلالەدین پاش نۆژەنکردنەوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی میراتی کەلتوری، پیشەسازی دەستی و گەشتیاریی پارێزگای خۆراسانی باکوری ئێران لە ساڵی 2012 وەک مۆزەخانەی کەسایەتییەکانی جەلالەدینی مێژووی ئێران کرایەوە.
ناساندنی جەلالەدینەکانی ناسراوی مێژووی ئێران
بە پێی ئەوەی کە بە دیاریکراوی ناتوانرێت ناوی ئەم قەڵایە بە یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی جەلالەدین ببەسرێتەوە، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە لە نهۆمی یەکەم ناو و زانیاری پێویست لە سەر جەلالەدینەکانی مێژووی ئێران هاتووە.
ئەم بینایە بە هۆی تایبەتمەندییەکانیەوە لە ڕووی کەلتوری و مێژووییەوە لە ساڵی 1356 ی کۆچی هەتاوی (1978) بە ژمارە 1577 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران ناوی تۆمار کراوە./.