بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگای کرماشان بە هەبوونی دوو ئاسەواری تۆمارکراوی جیهانی – بەردەنووسی بێستون و ڕوانگەی کەلتوریی هەورامان – ناساندنی کرماشان وەک یەکێک لە شارە داهێنەرەکانی بواری خۆراک لە سەر ئاستی یۆنسکۆ و هەبوونی ئەو ئاسەوارانەش کە لە تۆمارکردنیان لە سەر ئاستی جیهانی نزیک بوونەتەوە، وەک ڕێگای گەشتیاریی ساسانی و ئاسەوارەکانی تاقۆسان، سەرچاوەکانی ئاو و شاخە بەرزەکان، جۆربەجۆریی کەلتوری و ….. بەداخەوە ئەو سوودە گەشتیارییەی بۆ خەڵکەکەی نەبووە کە چاوەڕوان دەکرا.
ئەگەر بمانەوێت سێ ڕێگای سەرەکیی گەشتیاری لە پارێزگای کرماشان ناو ببەین، دەتوانین ئاماژە بە دەروازەی ڕۆژهەڵات، بەرەی ساسانی (ڕۆژئاوا) و ڕوانگەی کەلتوریی هەورامان بدەین کە هەر یەک هەڵگری تایبەتمەندی خۆیان لە بواری گەشتیارین. ئەم سێ ڕێگایە لە گەڵ شاری کرماشان ئامانجێکی گرنگی گەشتیارین.
ئەو ڕێگا مێژووییانەی کە لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران تێپەڕ دەبوون تا بگەنە سنورەکانی ڕۆژئاوای پارێزگای کرماشان، لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەم پارێزگایەوە بووە.
دەروازەی ڕۆژهەڵات
کەنگاوەر بە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کرماشان دەناسرێت کە یەکێک لە بەناوبانگترین بینا مێژووییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێدایە. پەرستگەی ئاناهیتا بە شکۆی مێژوویی خۆی دڵی هەر گەشتیارێک ڕادەکێشێت و بە نۆژەنکردنەوەی دەتوانین بڵێین کە تەختی جەمشیدی دووەمی ئێران لە پارێزگای کرماشاندایە.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی کەنگاوەر بۆ سرووشتەکەی دەگەڕێتەوە. شاخی ئەمرۆڵە، کانیاوانەکانی کۆترلانە، قەرەگوزلو و …. تەنیا بەشێکە لە سرووشتی جوانی ئەم قەزایە. گوندی گەشتیاریی فەش بە یەکێکی دیکە لە ئامانجە گەشتیارییەکانی قەزای کەنگاوەر دادەنرێت.
لە 30 کیلۆمەتریی کەنگاوەر شاری سەحنە دەبینرێت کە سەراو و کانیاوی دەربەند بە گرنگترین شوێنی گەشتیاریی دادەنرێت و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن. لە دەروازەی شاری سەحنە دوو ئاسەواری مێژوویی دەبینرێت کە یەکێک لەوان بە ناوی گۆڕی شیرین و فەرهاد یان کەی خەسرەو دەناسرێت. لە تایبەتمەندییە کەلتورییەکانی قەزای سەحنە ئەوەیە کە ئامێری مۆسیقای تەمورە تێکەڵ بە ژیانی خەڵکەکەی بووە و وەک یەکێک لە دوو شارە گرنگەکانی ئێران بۆ درووستکردنی ئەم ئامێرە دەناسرێت.
شارۆچکەی دینەوەر وەک یەکێک لە یەکەم شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵگری تایبەتمەندییە گەشتیارییەکان لە قەزای سەحنەدایە.
لە شاری سەحنەوە بەرەو بێستون، چیای بێستون سرنجی هەر کەس و گەشتیارێک ڕادەکێشێت. بێستون و بەردەنووسە ناسراوەکەی سەردەمی داریوشی هەخامەنشی لە سەر ئاستی جیهانی تۆمار کراوە. کاروانسەرای ئیلخانی و کاروانسەرای سەفەوی بێستون لە ڕیزی ئاسەوارە مێژووییەکانی ئەم ناوچەیەدان. هەروەها بێستون لە گەڵ ئەفسانەی شیرین و فەرهاد گرێ دراوە و لە مێژووی ئێراندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە.
شاخی بێستون چەندین ئەشکەوتی لە دڵی خۆیدا حەشار داوە کە گرنگترینی ئەوانەش ئەشکەوتی ڕاوچییەکانە کە بە پێی بەڵگەکان نزیکەی 70 هەزار ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی حەجەر شوێنی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمە بووە.
بێستون بەشێکە لە قەزای هەرسین. گۆڕە مێژووییەکانی ئێسحاق وەند، سەراوی هەرسین و …. بەشێکی دیکەی ڕاکێشیگەلە سرووشتییەکانی ئەم ناوچەیەن. هەرسین بە شاری گڵێمی ئێران ناسراوە.
یەکێکی دیکە لە قەزاکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کرماشان، سونقور و کولیاییە کە بە گوند و کانیاو و تاڤگەکانی ناوبانگی دەرکردووە. تەنیا شارێکی پارزگای کرماشانە کە خەڵکی تورک زمانیشی تێدایە.
ئەم نووسینە بەشێکە لە ڕاپۆرتێکی حەمید ڕەزا کەرەمی، چالاکوانی بواری گەشتیاریی پارێزگای کرماشان./.