بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی باسی گرنگترین ڤیتامین و کانزاکانی بۆ بەهێزبوونی قژ و پاراستنی کردووە کە لە درێژەدا هاتووە:
ڤیتامین A :
زۆر گرنگە بۆ گەشەی هەموو خانەکانی جەستە بە تایبەت قژ و پێست، کەمبوونی دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ، گرنگترین سەرچاوەکانی خۆراک، میوە و سەوزە ڕەنگ پرتەقاڵییەکانی وەک گێزەر، کاڵەک، پرتەقاڵ، پەتاتەی شیرین، ماست و هێلکەیە. بەڵام بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم ڤیتامینە بە تایبەت لە ڕێگای وەرگرتنی حەپ و دەرمانەوە ئەنجامێکی پێچەوانەی لێدەکەوێتەوە و وەرینی قژ زیاتر دەکات.
2 – ڤیتامین C :
ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە تەندرووستی قژ، گرنگترین سەرچاوەکانیشی بریتین لە میوە مزرەمەنییەکان، هەڵووژە، شلیک و بیبەر.
3 – ڤیتامین D :
کەمی ئەم ڤیتامینە هۆکاری وەرینی قژ و زیادبوونی ئەگەری توشبوونە بە دەردەڕێوی، سەرچاوەی سەرەکیشی بریتییە لە تیشکی خۆر لە نێوان کاتژمێر 10 ی بەیانی تا 4 ی عەسر، لە خۆراکدا بڕێکی کەمی هەیە وەک ماسییە چەورییەکانی وەک سەلەموون.
4 – ڤیتامین E :
زۆر گرنگە بۆ تەندرووستی قژ و گرنگترین سەرچاوەکانی بریتین لە دەنکە کولەکە، بادەم، سپێناخ و ئەڤۆکادۆ.
5 – کۆمەڵەی ڤیتامین B بە تایبەت B7 :
لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئەم ڤیتامینەش دەتوانین ئاماژە بە دانەوێڵە تەواوەکان، بادەم، فستق، سەوزە گەڵاتۆخەکان و ئەڤۆکادۆ بدەین.
گرنگترین کانزاکان:
1 – ئاسن:
یارمەتیدەری خڕۆکە سوورەکان دەدات بۆ هەڵگرتنی ئۆکسجین بۆ خانەکان، لەوانە خانەکانی قژ و پێست و گرنگترین سەرچاوەکانی بریتین کە گۆشتی سوور و نیسک و مێوژ و سپێناخ.
2 – زینک:
ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بەهێزکردنی قژ و ڕێگرتن لە وەرینی، سەرچاوەکانیشی بریتین لە گۆشتی مانگا و سپێناخ و نیسک و دەنکە کولەکە./.