بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دۆخی ئابوریی تورکیا وایکردووە کە زیانە ئابورییەکان و کاریگەریی قەیرانی ئۆکرانیا لە سەر ئەم وڵاتە زیاتر بێت. ئابوریی تورکیا لە ساڵی 2020 هەلومەرجێکی دژواری هەبوو و هێشتا بە سەقامگیری نەگەیشتووە و بێگومان بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە سەر ئاستی جیهان و ڕاگرتنی هەناردەی گازی ڕووسیا بۆ ئەم وڵاتە دەتوانێت هەلومەرجێکی دژوارتریش بۆ دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە بێنێتە پێشەوە.
کەرتی گەشتیاریی تورکیا لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر بووەتە جێی نیگەرانیی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە و لەو بڕوایەدان کە قەیرانی ئۆکرانیا زیانێکی زۆر بەوان دەگەێنێت، ئەم نیگەرانییە بە تایبەت بۆ وەرزی هاوینی داهاتوو زیاتر دەبێت، بەرپرسانی ئەنکەرە کەرتی گەشتیاری بۆ بوژانەوەی ئابوری و گەڕانەوەی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەم وڵاتە بە گرنگ دەزانن.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتیاریی تورکیا ڕایگەیاندووە کە داهاتی ساڵی ڕابردووی ئەم وڵاتە لە کەرتی گەشتیاری نزیکەی 24 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە، ساڵی 2020 بە پێی ئامارەکانی حکومەتی تورکیا 24 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی ئەم وڵاتەیان کردووە کە لەو ژمارەیەش 4 ملیۆن و 700 کەسیان لە ڕووسیا و 2 ملیۆن و 100 هەزار کەسیان لە ئۆکرانیاوە بووە.
لە لایەکی دیکەوە هاوردەی گاز و گەنم بووەتە جێی نیگەرانیی بەرپرسانی باڵای تورکیا. ڕووسیا لە سەدا 33.6 ی گازی پێویستی تورکیا دابین دەکات. هەروەها تورکیا لە ساڵی ڕابردوو 6 ملیۆن و 700 هەزار تەن گەنمی لە ڕووسیا هاوردە کردووە، بە شێوازێک کە لە سەدا 66 ی گەنم و بەروبومەکانی دیکەی تورکیا لە ڕێگای ڕووسیاوە دابین دەکرێت.
هەروەها شەڕی ئۆکرانیا کاریگەری لە سەر ڕێکەوتنەکانی نێوان ئەم وڵاتە و تورکیا دادەنێت و ڕەنگە دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان و پرۆژە دیاریکراوەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە نەبێت. لە میانەی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئۆکرانیا کە پێش شەڕەکەی ڕووسیا کرا، هەر دوو لا جەختیان لەوە کردەوە کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان لە 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 10 ملیار دۆلار بەرز دەکەنەوە کە بەم هەلومەرجەوە ئامانجی وەها قەد مسۆگەر نابێت.
ئەمساڵ بۆ تورکیا ساڵێکی جیاواز و دژوار دەبێت. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی 2023 بەڕێوە دەچێت و دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە کە ساڵی ڕابردوویان بە کێشە ئابورییەکان و دابەزینی بەرچاوی بەهای لیر تێپەڕاند هیوایان بەوە هەبوو کە کێشە و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن بەڵام لێکەوتەکانی قەیرانی ئۆکرانیا و بە تایبەت کاریگەرییە ئابورییەکانی بۆ تورکیا وەک بەکارهێنەرێکی وزە دەتوانێت بەربەستێکی گەورە لە بەردەم ئەم ئامانجەدا بێت./.