بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدر حوسێنی، شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی، سەبارەت بە سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تورکیا وتی: لەم هەلومەرجەدا پێدەچێت کە ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە بێت کە ڕەوایەتی بەو ڕژێمە ببەخشێت و ڕۆڵی تورکیاش لەم پێناوەدا خەنجەرێکە کە لە پشتەوە لە جیهانی ئیسلام درابێت، ئەم هەنگاوەی تورکیا خاڵێکی نەرێنییە لای جیهانی ئیسلام و ڕای گشتی موسڵمانان.
ناوبراو وتی: تورکیا لە چەند ساڵی ڕابردوو پرسی فەڵەستینی لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی بەکار هێناوە، سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ وڵاتێک کە لە دەیەکانی ڕابردوو ئاڵاهەڵگری پاڵپشتی لە ئامانجەکانی فەڵەستین بووە پیشان دەدات ئەو هەنگاوانەی تورکیا بۆ پاڵپشتی لە فەڵەستین سیاسەتێکی دووفاقی بووە کە ڕووی ڕاستەقینەی نەبووە و دەتوانین بڵێین کە ئەنکەرە فەڵەستینی وەک دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دیاری کردووە.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە بە ئاماژە بە هەلومەرجی ئەمڕۆی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئەوان، وتی: سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی داگیرکاری قودس بۆ تورکیا بە پێی دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە ناوچەکانی خۆیان و هەوڵی درووستکردنی شارۆچکەی زیاتر و پەرەپێدانی ئەم سیاسەتە، خاڵێکی ڕەشە لە دۆسیەی حکومەتی تورکیا، ئەڵبەت بەشێکی زۆری خەڵکی تورکیا بەردەوام ڕێز لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین دەگرن و هەوڵی بۆ دەدەن و بە خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆیان ئەوەشیان سەلماند کە دژی ئەم سیاسەتەی ئەنکەرەن.
سەدر حوسێنی وتی: تورکیا دەیەوێت ڕژێمی زایۆنیستی وەک نێوەندگێڕێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لە گەڵ ئەمریکا بەکار بێنێت، ڕژێمی زایۆنیستی توانای ئابوریی ئەوتۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و ئابورییەکانی تورکیا نییە بەڵکوو دەتوانێت لە لایەن لۆبی زایۆنیستییەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە باشتر بکات بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ئاکامدا بەو ئەنجامە خوازراوەی ئەردۆغان ناگات.
ناوبراو بە ئاماژە بە قەیرانی ئۆکرانیا وتی کە ئەمریکییەکان بەردەوام پشت لە هاوپەیمانەکانی خۆیان دەکەن و بەڵێنەکان نابەنە سەر، تورکیاش تووشی هەڵەیەکی ستراتیژی بووە کە لۆبی زایۆنیستی و ڕژێمی تەل ئەبیب بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی لە گەڵ ئەمریکا بەکار دێنێت، ئەم هەڵە ستراتیژییە بێگومان پێگەی حکومەتی ئەنکەرە لە ئاستی ناوخۆیی تورکیا لاواز دەکات و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووش ڕێژەی دەنگەکانی پارتی داد و گەشەپێدان بەرەو دابەزین دەبات.
سەید ڕەزا سەدر حوسێنی لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە ئاشکرابوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستیی بە خیانەتێک لە خۆڕاگری و جیهانی ئیسلام ناو برد و وتی: خۆڕاگری ئیسلامی و گەلانی موسڵمان بەردەوام لە سەر بیر و بڕوای خۆیان بۆ لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستی دەمێننەوە و خۆڕاگری ئەوان بە دڵنیاییەوە دەگاتە ئازادکردنی ناوچە داگیرکراوەکان، لە ماوەی حەوت دەیەی ڕابردووش هەوڵ و پیلانگێڕییەکی زۆر بۆ بەلاڕێدابردنی ئامانجەکانی فەڵەستین جێبەجێ کرا بەڵام خواستی سەرەکیی موسڵمانان گەڕانەوەی خەڵکی فەڵەستینە بۆ نیشتمانی خۆیان./.