بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە تورکیا بە ڕواڵەت باسی پچڕانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەکرد، ئێسحاق هێرتزۆگ سەرۆکی ئەو ڕژێمە چوارشەممەی ڕابردوو پاش سێزدە ساڵ لەو پڕوپاگەندەی تورکیا گەیشتە ئەنکەرە و گرووپە فەڵەستینییەکانیش ئیدانەی پێشوازی تورکیایان لە ناوبراو کرد.
دەستەی زانایانی فەڵەستینی لە کاردانەوەی بەرامبەر بەو سەردانە ڕایگەیاند: باشترین بەڵگە بۆ پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین، نەبوونی پەیوەندییە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی نەک هەوڵدان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە.
لە ڕاگەێندراوێکی ئەو دەستەیەدا هاتووە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، مەترسییەکە لە سەر ئیسلام و بۆ تورکیاش مەترسیدارە.
هەروەها بزوتنەوەی گەل بۆ ئازادی فەڵەستینیش جەختیکردەوە کە سەردانەکەی هێرتزۆگ ڕاستییەکانی پەیوەندی نێوان تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستیی ڕوون کردەوە و ئەوەی پیشاندا کە ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکانی وەک سیاسی، ئابوری و ئەمنی بەردەوام هەبووە.
ئەو بزوتنەوەیە سەرۆک کۆماری تورکیا بە فریودان و سیاسەتی دووفاقی تۆمەتبار کرد و جەختیکردەوە کە ئەردۆغان بانگەشەی پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین دەکات بەڵام بەربڵاوترین هاوکاری ئەمنیی لە گەڵ زایۆنیستەکان هەبووە.
بزوتنەوەی گەل بۆ ئازادی فەڵەستین ڕایگەیاندووە کە ئەم سیاسەتەی تورکیا و ئەردۆغان وەک پاڵپشتییەک بۆ دوژمنی زایۆنیستی و لە زیانی گەلانی عەرەب و فەڵەستینە./.