بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستیندا هاتووە کە ئیدانەی پێشوازیی تورکیا لە سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی دەکرێت و سەردانەکەشی لە کاتێکدایە کە سیاسەتی ئەو ڕژێمە و تاوانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین بە تایبەت بۆ بەجولەکەکردنی قودس و دەسدرێژییەکانی ئەوان بۆ مزگەوتی ئەقسا ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئەم پێشوازییە بە واتای پاڵپشتییە لەو ڕژێمە داگیرکارە لە ڕوبەڕوبونەوەی تێکۆشان و خەباتی گەلی فەڵەستین.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هەوڵی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە بیانووی بەرژەوەندییەکانی ئەم یان ئەو حکومە، بە واتای جێهێشتنی قودس و فەڵەستین و پشتکردنە لەوان.
جیهادی ئیسلامی فەڵەستین دەستخۆشیی لە گەلی موسڵمانی تورکیا کردووە بۆ دژایەتی ئەو سەردانە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەردانەکەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تورکیا ئیهانەکردنی خوێنی شەهیدانی ئەم وڵاتەیە بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و بە پێچەوانەی هەڵوێستەکانی گەلی تورکیایە لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی گەلی فەڵەستین.
هەروەها بزوتنەوەی حەماسیش لە بەیاننامەیەکی جیادا دژایەتی خۆیی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەی بزوتنەوەی حەماسدا هاتووە کە جارێکی دیکە هەڵوێستی خۆمان بۆ ئیدانەکردن و دژایەتی هەر چەشنە ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕادەگەێنین، لە کاتێکدا کە ئەو ڕژێمە بەردەوامە لە سیاسەتی بە جولەکەکردنی قودس و مزگەوتی ئەقسا، گەمارۆدانی دانیشتووانی کەرتی غەززە، بەدیلگرتنی هەزاران کەسی فەڵەستینی، ڕووخاندنی خانووەکانی خەڵک و ئاوارەکردنی ئەوان.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە نابێت بەستێنی ئامادەبوونی ڕژێمی زایۆنیستی لە ناوچەکە و پێشێلکردنی مافی گەلان دابین بکرێت و لە هەمان کاتدا باس لە پاڵپشتی گەلی فەڵەستین و خۆڕاگری و خەباتی ئەوان بکرێت./.