بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی چوارشەممە، 9 ی ئاداری 2022، بە ئامادەبوونی هەر یەک لە ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک، مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، سەباحەدین ساڵحی سەرۆکی ژووری بازرگانی کەرکوک و زەهرا شەیبان حەمادی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای الاسواق لامرکزی عێراق، پێشانگای تایبەتی بازرگانیی ئێران لە کەرکوک کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەو پێشانگایە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، بەرپرسانی پارێزگا و چالاکوانانی ئابوری و بازرگانیی کەرکوک ئامادەی بوون، مەهدی شوشتەری سەرکۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی جەختیکردەوە کە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق وەک ستراتیژی کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دانراوە و پێویستە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتیش بە هەوڵێکی هاوبەش و لە سەرجەم بوارەکاندا بەرفراوانتر و پتەوتر بکرێت.
ناوبراو کردنەوەی پێشانگای لەوجۆرەی بە هەنگاوێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ناسینی کۆمپانیاکان و خەڵکی کەرکوک بە کۆمپانیا و کاڵاکانی ئێران ناو برد و کەرکوکی وەک پارێزگایەک پێناسە کرد کە خاڵی بەیەکگەیشتنی نێوان پارێزگاکانی باکور و ناوەند و باشوری عێراقە و هەروەها جەختی لە سەر گرنگی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بازرگانان و کۆمپانیاکانی کەرکوک لە گەڵ بازرگان و کۆمپانیا ئێرانییەکان کردەوە.
هەروەها ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوکیش ڕایگەیاند کە دەرگای ئەم پارێزگایە بە ڕووی وڵاتانی جیهان بە تایبەت کۆماری ئیسلامی ئێران کراوەیە و پێگە و تایبەتمەندییەکانی کەرکوک دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری لە ڕاکێشانی کۆمپانیاکاندا هەبێت.
یەکەم پێشانگای تایبەتی بازرگانیی ئێران لە کەرکوک تا ڕۆژی 12 ی ئاداری 2022 بەردەوام دەبێت و تێیدا 50 کۆمپانیا لە چوارچێوەی 10 گرووپی جیاوازی کاڵادا بەشدارییان کردووە.