بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قەیس مەحمەداوی جێگری سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای عێراق ڕایگەیاند کە حکومەتی بەغدا ویستی درووستکردنی دیوارێکی سنوریی لە نێوان ئەم وڵاتە و سوریا هەیە و فەرماندەیی هاوبەشی سنوری کە لە ژێر چاودێری سەرۆک ئەرکانی سوپا چالاکی دەکات لە دوو ساڵی ڕابردوو لە پێناو دابینکردنی ئاسایشی سنورەکان هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە.
ناوبراو وتی: پلانی ئەوە هەیە کە دیوارێکی سنوری لە گەڵ سوریا درووست بکرێت، هەرچەندە کە ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئێستاش وەڵامدەرەوە بوون بەڵام هەوڵ دەدرێت هێڵێکی بەرگریی تایبەت بە سوپای عێراق لە سنورەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش بکرێتەوە.
هاتووچۆ و دزەکردنی تیرۆریستان لە سنورەکانی نێوان سوریا و عێراقەوە یەکێک لە گرنگترین کێشە ئەمنییەکانی بەردەم حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بووە. دیمەشق و بەغدا تا ئێستا بەردەوام جەختیان لە سەر ئاسایشی سنورە هاوبەشەکان، ڕێگری لە هاتووچۆ و دزەکردنی تیرۆریستان و ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکانی نێوان هەر دوو لا کردووەتەوە. هەر بۆیە کردنەوەی دیوارێکی سنوری دەتوانێت ڕێگایەکی گونجاو بۆ هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا بێت بەڵام بە مەرجێک کە ئامانجێکی سیاسی لە پشتەوەی ئەم بڕیارە نەبێت.
ماهر عەبد جەودە شرۆڤەکاری عێراقی ڕایگەیاندووە کە بڕیارێکی سیاسی وایکردووە کە حکومەت و سوپای عێراق پەنا بۆ کردنەوەی ئەم دیوارە ببات.
ناوبراو وتی: ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێگای کردنەوەی ئەو دیوارە سنورییەوە هەوڵی جێبەجێکردنی نەخشە و پلانێکی گەورە دەدەن تا ڕێگای بەردەم گرووپەکانی خۆڕاگری و یەکە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی بەرەو ناوچە سنورییەکان، بە تایبەت سێگۆشەی سوریا، عێراق و ئەردەن بۆ بەرگری لە خاکی عێراق بگرن.
وتیشی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە پاساوی ئەوەی کە عێراق بودجەی پێویستی بۆ کردنەوەی ئەم دیوارە نییە، بە ئامانجی دابینکردنی بودجە و هاوکاریی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستێوەردان لەم پرۆژە و گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان دەکەن.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە پرسیاری کردووە کە عێراق دراوسێی دیکەی وەک تورکیا هەیە کە لە قووڵایی 100 تا 120 کیلۆمەتریی عێراق دەسدرێژیی کردووە و ڕاستەوخۆ سەروەری و خاکی عێراقی پێشێلکردووە، بەدەر لەمەش تیرۆریستان لە هەر شوێنێکەوە دزە دەکەن، بۆ ئەو دیوارە ئەمنییە تەنیا لە سنورەکانی سوریا درووست دەکرێت؟
ماهر عەبد جەودە جەختیکردەوە: لەم پرۆژەیەدا بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەمریکا و هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە کێشە ناوخۆییەکانی عێراق ڕۆڵی هەیە و واشنتن هەوڵ دەدات لە ڕێگای جیاجیاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپەکانی خۆڕاگری و حەشدی شەعبی هەنگاو بنێت./.