بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو پەیوەندییە تەلەفوونییەدا کە ڕۆژی یەک شەممە کرا، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە وتارخوێنی هەینی پاوە وتی: ئەزموونەکانی بەڕێزتان سامانێکی پڕبەهایە بۆ کاربەدەستانی حکومەت و نوێنەرانی باڵای حکومەت دەبێت لە پێناو خزمەت گەیاندن بە خەڵک کەڵک لەم ئەزموونانە وەربگرن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: بە هۆی سەرقاڵبوون بە کاروباری ڕۆژانە ماوەیەکە نەمتوانی پەیوەندی بە ئێوەوە بکەم و ئەمڕۆ دەرفەتێک دابین کرا کە سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژ بە تایبەت دۆخی پارێزگاکانی کرماشان و کوردستان وتووێژ بکەم.
ناوبراو وێڕای ستایشکردنی هەڵوێستەکانی مامۆستا قادری بۆ پاڵپشتیکردنی کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: بە پێی ئەوەی کە بەڕێزتان بە پیاوێکی خێرخواز دەزانم کە بەردەوام ئەمر بە چاکە دەکەن، ئەو مافەتان پێ دەدەم کە ئەوەی پێویستە وەک ئامۆژگارییەک بە پارێزگارانی ئێمە بدەن و چاوەڕوان دەکەم ئەوەی بۆ خزمەتی باشتر و شیاوتر بە خەڵک بە پێویستی دەزانن بۆ پارێزگارەکان وەبیربێننەوە.
وتارخوێنی هەینی شاری پاوەش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا بە ئاماژە بە سەردانە دوو ڕۆژەکەی بۆ پارێزگای کوردستان وتی: لەو سەردانەدا کە بە ئامانجی چاوپێکەوتن لە گەڵ بەرپرسانی پارێزگای کوردستان کرا و لە کۆبوونەوەکانم لە گەڵ نوێنەری وەلی فەقی و پارێزگار، جەختم لەوە کردەوە کە هەرچەندە من پەیوەندی کاریم لە گەڵ ئەو پارێزگایە نییە بەڵام ئەوەم پێ بکرێت لە پێناو سەرکەوتنی حکومەتەکەی بەڕێز ڕەئیسی جێبەجێی دەکەم.
وتارخوێنی هەینی شاری پاوە هەروەها بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی لە گەڵ پارێزگاری کوردستان وتی: بە بەڕێز زارعی کوشام وت کە ئێوە گەنجێکی خاوەن بڕوان و من هاتووم بە دۆستانی خۆم بڵێم کە لەم ئەرکەدا یارمەتیدەری ئێوە بن لە بەر ئەوەی کە پێم وایە پاڵپشتی لە پارێزگاری کوردستان، پاڵپشتییە لە بەرنامەکانی حکومەت و سەرۆک کۆماری بەڕێز.
مامۆستا قادری کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە خاوەن پلان و بەرنامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک ناو برد و وتی: هیوادارین خودای گەورە یارمەتیدەری ئێوە بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگا و تا ئێستاش ئەوەتان سەلماندووە کە ڕاستگۆیانە بۆ ئەو ئامانجە هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە./.