دکتۆر یاسین ئاشور مامۆستای زانکۆی گەرمیان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی شیکارییەکی بۆ دۆخی شەڕی ئۆکرانیا و هەڵوێستی ئەمریکا و بارودۆخی نێودەوڵەتی کردووە کە دەقەکەی لە درێژەدا هاتووە:
هۆکاری کشانەوەی ئەمریکا و پشت کردن لە دۆستەکانی بۆ نمونە کشانەوە لە ئەفغانستان و عێراق و چەند شوێنێکی دیکە و ئێستاش بێدەنگی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەوهێرشانەی کە دەکرێنە سەر ئۆکرانیا بۆچی دەگەڕێتەوە؟
ئەمریکا یەکێکە لەو زلهێزانەی بەردەوام بە پێی بارودۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ستراتیژ و سیاسەتی خۆی دەگۆڕێت. بە جۆرێک کە لە هەموو گۆڕانێکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بە جۆرێک لە جۆرەکانی پێداچوونەوە بە پرسی هاوپەیمانێتی و یارمەتیدانی وڵاتە هاوپەیمانەکانی و لایەنگرەکانی خۆی دەکات.
ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی هەموو جارێک و لە هەموو ماوەیەکی سەرۆکایەتی سەرۆکە جیاوزاەکانیدا لە دوای شەڕی ساردەوە جەخت لە سەر قورسایی و بەسێنتەربوونی وڵاتەکەیان دەکەنەوە لە ناو سیستەمی جیهانیدا. بێگومان بۆ بەردەوام بوون لە سەر سینتەربوونە هەمیشە سەرکردەکانی ئەمریکا پێویستیان بەوە هەیە بە بەردەوامی پێداچوونەوەی بە پرسی بڵاوکردنەوەی دیمۆکراسیی و پشتگیری لە مافەکانی مرۆڤ و یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی کە دەتوانرێت بخزێنرێنە ناو چوراچێوەی بەرەی ئەمریکا، هەروەها پێداچوونەوە بە پرسی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕینی ڕژێمەکانیان. هەموو ئەم پرسانە مایەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەو پێداچوونەوەن لە لایەن بڕیار درووستکەر و سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکاوە. ئەڵبەت بەشێکی زۆری ئەم جوڵە و گۆڕانە لە ناو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندی بە بارودۆخی ناوخۆیی خودی ئەمریکاوە هەیە. ئاراستەی زاڵی ناوخۆیی ئەمریکا ئەوەیە کە تێوەگلان لە شەڕەکان و ئامادەیی سوپای ئەمریکا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و یارمەتیدانی هاوپەیمانەکانی بوونەتە مایەی بارگرانیەکی قورس بۆ سەر شانی هاووڵاتی ئەمریکی. چونکە هەموو ئەوانە تێچویەکی زۆریان لە ڕووی داراییەوە هەیە و لە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان دەوستێت لە ناوخۆی ئەمریکادا. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی جۆ بایدن زیاتر مەیلی بە لای کاری دیپلۆماسی فشاری دیلۆماسیدا هەیە وەک ئەوەی پەنا بۆ هێزی سەربازیی و داگیرکاری بەرێت. لەم کابینەیەدا ئەمریکا وەک تەواوی کابینەکانی پێشوو بڕوایان بە هەژموون و سێنتەربوونی ئەمریکا هەیە لە ناو سیستەمی جیهانیدا بەڵام دەیانەوێت ئەمە لە رێگەی هێزی نەرم و دیپلۆماسییەوە بەدی بێت نە وەک لە رێگەی شەڕ و بەکارهێنانی سەربازییەوە، چونکە لەوە تێگەیشتوون کە ڕەنگە بارودۆخی ناوخۆیی چیتر قبووڵی ئەوە نەکات ک ەقوربانیی زیاتر بدات. هەموو ئەوەش ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە بۆچی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی دراماتێکی کشایەوە؛ ئەڵبەت بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی شێوازی حکومڕانی و کۆمەڵایەتی و ئائینی لە ناو ئەفغانستان. سەبارەت بە عێراقیش ڕاستە کە ئەمریکا لە ڕووی بوونی سەربازییەوە تیادا کشاوەتەوە بەڵام بە جۆڕیک لە جۆرەکانی توانیویەتی هەژمونی خۆی تا ڕادەیەکی زۆر بە سەر ئاراستەی ئابوری و لایەنی تەکنیکی و سەربازیی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق بسەپێنێت.
حەقێقەتیکی دیکەی پشتەوە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیوەندی سیستەمی بازاڕی ئازاد و سیستەمی سەرمایەدارییەوە هەیە بە گشتی. ئەمریکا خۆی سەردەستەی سیستەمی سەرمایەدارییەوەو هەرخۆشی پاڵپشت و یارمەتیدەرێکی گەورەی بڵاوکردنەوەی سیستەمەکە بووە لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا. ئاشکراشە لە ناو ئەم سیستەمەدا هەمیشە پرسی قازانج و زۆرترین داهاتی ئابوری لە پێشەوە زۆر پرسی دیکەوە دێن. بۆیە کاتێک هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم سیستەمە لە وڵاتێکی دیاریکراودا دەکرێت ئەوە لێکەوتە سیاسیی و سەربازی و دیپلۆماسی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. بۆیە گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و پشت کردن لە وڵاتیک کە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا ئەمریکا هاوپەیمانی بووە گۆڕاوێکی سرووشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە.
سەبارەت بەپرسی ئۆکرانیا کە ئێستا ڕووسیا شەڕی دژی ڕاگەیاندووە بۆ ئەمریکا پرسێکی قوڵە و قورسە بۆی. یەکەم: لەو ڕووەوە کە ئەم ولاتە ئەندامی ناتۆ نییە. دووەم: لە ڕووی جیپۆلەتکییکەوە کە دراوسێی وڵاتێکی زلهێزی وەک ڕووسیایە کە خاوەن توانایەکی سەربازی گەورەیە. سێهەم: مەترسی ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆی ڕووسیایە لەو وڵاتە. چوارەم: لە بەر مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکەی گەردوونی لە حاڵەتی بەشداری ئەمریکا لەو شەڕەدا دژ بە ڕووسیا. پێنجەم: تێکچوون و داڕووخانی سیستەمی سیاسی و ئابوری جیهانی.
هەموو ئەم حیساباتانە وای لە ئەمریکا کردووە کە دەستەوەستان بێت لە بەشداری ڕاستەوخۆ بە هێزی سەربازی لەو شەڕەی ئێستا لە نێوان ئەو دوو وڵاتە ئەگوزەرێت. بۆیە لە ئیستا ئەمریکا زیاتر پشتی بە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئەبەستێت بۆ فشار خستنە سەر ڕووسیا و ناچارکردنی بە کشانەوە لەو شەڕە. بەڵام ئەوەش هەر لاوازە و چاوەڕوانی ئەوە لە ڕووسیا ناکرێت لەو شەڕە بکشیتەوە. جۆ بایدن لە وتاری ساڵانەی خۆی لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا سەرۆکی ڕووسیای بە دیکتاتۆر ناوەزەند کرد، لە هەمان کاتیشدا ئەوەی دووبارە کردەوە کە ئەمریکا لە ڕووی سەربازیی و توانای شەڕەوە توانای بەرپاکردنی شەڕ هەیە، بەڵام لە دووتوێی وتارەکەیدا سووربونێک بەدینەکرا بۆ بەشداری ئەمریکا لەو شەڕە. هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا لەو شەڕەدا گەورەترین کارەسات نەک بۆ ئەمریکا بەڵکوو بۆ تەواوی جیهانی لێدەکەوێتەوە. بۆیە بەهەموو پێوەرەکان ئەمریکا خۆی بە دوور دەگرێت لە بەشداری لەو جەنگە.
ئەم کشانەوە و بێدەنگییەی تا چەند کاریگەری لە سەر پێگە و ناوبانگی ئەمریکا درووست کردووە، لە کاتێکدا ئەمریکا بە باڵاترین هێزی سەر ڕووی زەوی وێنادەکرا؟
لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێتی جاران، بەرەی سەرمایەداری یان بلۆکی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا کۆتایی بە سیستەمی دوو جەمسەری جیهانی هێنا و ئەمریکاش وەک تاکە زلهێز و براوەی ململانێکە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەدەرکەوت. بەڵام ئەم تاک جەمسەری زۆری نەخایاند. لە ئێستادا ئەمریکا تاکە زلهێزو قسەکەری یەکەم و یەکەمی درووستکەری ڕووداوەکان نییە لە جیهاندا، لە پاڵ ئەمریکا (ڕووسیا، چین، بەرازیل، هیندستان) و چەند وڵاتێکی دیکەی ڕکابەری ئەمریکا بوونیان هەیە. لە ڕووی ئابوریەوە لە ئێستادا چین بەو گەشە ئابورییە گەورەیە ساڵانە هەیەتی ئەگەری ئەوەی هەیە پێش ئەمریکا بداتەوە و ببێتە یەکەمین دەوڵەت لە ڕووی ئابووریەوە. ئەمە جگە لەوەی لە ڕووی دیمۆگرافیا و پێگەی جیپۆلەتییکیەوە دەوڵەمەند و بەهێزە.
ئەمریکا بێدەنگە لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵام وەک لە سەرەوە وتم لە ڕووی فشاری ئابوریی و دیپلۆماسییەوە بە هاوبەشی لە گەڵ ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ناو هاوکێشەکەدایە، ئەوەی هەیە و ئەگوزەرێ لە سەر هەڵوێستی ئەمریکا لەو شەڕەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەوەیە کە هەڵوێستێکی توندی سەربازی نییە لە لایەن ئەمریکاوە.
بێگومان ئەم هەڵسووکەوت و هەڵوێستەی ئەمریکا لە سەر ئەو شەڕە ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی ئەبێت بۆ سەر ناوبانگی ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی بەهێزی ئەمریکا لە ناو سیستەمی نێودەوڵەتی جیهاندا لە ئێستادا ڕەنگە ئەو شوورەیە گەورەیە بۆ زلهێزی ئەمریکا نەهێنێت، چونکە سەردەمی ئێستا سەردەمی نەوەکانی سەدەی ڕابردوو نییە هەم بۆ ئەمریکا و هەم وڵاتانی دیکەی وەک ڕووسیا و چینیش.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد