بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی هەواڵی ” سابرین نیوز ” یەکەم میدیایی عێراقییە کە ئەم پیلان و هەوڵە گوماناوییەی ئاشکرا کردووە و بە پەیوەندی بە یەکێک لە ئەنجامدەرانی پیلانەکە و تۆمارکردنی دەنگ و وێنەی، پیشانیداوە کە چەند لایەنێک بە بەڵێن و فریوی مووچەی 4 هەزار دۆلاریی مانگانە، گەنجانی عێراق بۆ بەشداری لە شەڕی ئۆکرانیا فریو دەدەن.
ئەو پێگەیە ڕایگەیاندووە کە ئەم پیلانە سەرەتا لە لایەن کەسێکەوە بە ناوی ” ئەندرۆ بولشک ” دەستیپێکردووە کە دەوترێت لە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە بەغدایە.
ئەو کەسەش ژمارەیەکی پەیوەندی عێراقی و ئیمێلێکی ئۆکراینی دابوو کە پەیامنێری سابرین نیوز بە ناساندنی خۆی وەک خۆبەخشی شەڕی ئۆکرانیا پاش چەندین جار، لە ئاکامدا وتووێژی لە گەڵ ئەودا کردووە.
کەسە ئۆکرانییەکە بە پەیامنێرە عێراقییەکە دەڵێت کە مەرجی بەشداربوون لە شەڕی ئۆکرانیا ئەوەیە کە ئەو کەسە ئەزموونی سەربازیی هەبێت و لە بەرامبەر ئەمەش مانگانە 4 هەزار دۆلار وەک مووچە وەردەگرێت.
پێگە عێراقییەکە ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی ژمارەکە عێراقییە بەڵام ئەو کەسە لە یەکێک لە ناوچەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات قسەی کردووە.
سابرین نیوز داوای لە وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق کرد کە بەدواداچوونی پێویست بۆ ئەم پیلانە بکەن و موڵەتی ئەوە نەدەن کە گەنجانی عێراقی بە بیانووی مووچەوە فریو بدرێن.
لە ڕاپۆرتەکەی سابرین نیوزدا هاتووە کە ئەندرۆ لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە ژمارەیەک لە گەنجانی عێراق لە گەڵ ژمارەیەک کەسی سودانی بباتە بنکەیەکی سەربازی لە پۆڵەندا تا لە داهاتوودا لە گەڵ هێزەکانی ئۆکرانیا شەڕی دژ بە ڕووسیا بکەن.
ئەم بابەتەش نەک تەنیا لە عێراق بەڵکوو لە ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە و ئەمریکا و ناتۆ بە هاوکاری ئۆکرانیا لە پشتەوە ئەم پیلانگێڕییەن.
لە سوریاشەوە ژمارەیەک لە تیرۆریستان بە تایبەت ئەوانەی لە لایەن ئەمریکاوە مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان پێکراوە، ڕەوانەی ئۆکرانیا کراون. دەوترێت تورکیاش ڕۆڵی لەم پیلانگێڕییەدا هەیە./.