بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەزهەر محەممەد ساڵح ئابوریناس و ڕاوێژکاری ئابوریی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباح ی ڕاگەیاند کە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەرفەتی مێژوویی و گرنگی خستووەتە بەردەم عێراق تا پەرە بە کەرتی کشتووکاڵ و پیشەسازی و وزەی خۆی بدات.
ناوبراو وتی: بە تایبەت عێراق دوو دەرفەتی گرنگی لە پێشە، یەکەم، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کە داهاتەکانی عێراق زیاتر دەکات و دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان بەکار بێت و دووەم قەیرانی گاز و گەنم کە دەبێت هاندەری عێراق بێت بۆ زیاترکردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لەم دوو بوارەدا.
مەزهەر محەممەد ساڵح وتی: ئەم شەڕە بۆ عێراق بەرژەوەندی دارایی گرنگی هەیە لە بەر ئەوەی کە نرخی نەوتی بەرز کردووەتەوە و ڕەنگە بە هۆی ئەم بارودۆخەوە ڕێکخراوی ئۆپێک واز لە سنورداربوونی ڕێژەی وەبەرهێنان و هەناردە بێنێت.
ڕاشیگەیاند کە ئەم شەڕە زیانیشی بۆ ئابوریی عێراق دەبێت لە بەر ئەوەی کە بۆ دابینکردنی مادەی خۆراکیی پێویست ڕووی لە هاوردەیە و بە هۆی وشکەساڵییەوە لە سەدا 30 مادە خۆراکییەکان لە دەرەوە دابین دەکات.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە ئەگەر بە پلان و وردبینی مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت بەرژەوەندییە ئابوری و داراییەکانی شەڕی ئۆکرانیا بۆ عێراق زیاتر لە زیانەکانی دەبێت.
وتیشی کە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە ڕەنگە لە بودجەی ساڵی 2022 نرخی هەر بەرمیل نەوت 70 دۆلار بێت و ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە پرۆژەکانی کەرتی ئاوەدانکردنەوە لە عێراقدا جێبەجێ دەکرێت.
مەزهەر محەممەد ساڵح بە پێویستی زانی کە حکومەت گرنگی بە کەرتی کشتووکاڵ بدات و هەروەها ژێرخانەکانی وزەش بە تایبەت لە کەڵک وەرگرتن لە گازی سرووشتی بەرەو گۆڕانکاری جیدی ببرێت./.