بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی باڵا بە بەشداریی سێ وەزیر و بەرپرسانی دیکە سەردانی ئێران دەکات. ئامانج لە سەردانەکەش ڕێکەوتنە لە سەر میکانیزمی دەستپێکردنەوەی هاوردەی گاز و ئامادەکردنی تۆڕی نیشتمانیی کارەبای عێراق بۆ وەرزی هاوین.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە حکومەت پلانێکی لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە دەستپێکردووە تا کێشەی کارەبا لە وەرزی هاوینی ئەمساڵ کەم بێت و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان زیاتر بێت.
ناوبراو وتی کە هێشتا ڕێژەیەکی کەم گازی ئێران هاوردە دەکرێت، بە پێی ڕێکەوتن دەبێت ئێران لانیکەم ڕۆژانە 45 ملیۆن مەتری سێجا گاز هەناردەی عێراق بکات بەڵام ڕێژەکە لە ئێستادا تەنیا 8 ملیۆن مەتری سێجایە.
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند لە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێک بە بەشداری وەزیرانی کارەبا، دارایی، نەوت و بەڕێوەبەری گشتی بانکی بازرگانیی عێراق سەردانی ئێران دەکەن و ئامانجی سەردانەکەش وتووێژە لە سەر میکانیزمی دەستپێکردنەوەی هەناردەی گاز لە ئێرانەوە بەو ڕێژەیە کە پێویستی عێراقە./.