مەسعود عەبدولخالەق، چاودێری سیاسی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتنە سێقۆڵییەکەی سەدر، بارزانی و حەلبوسی، سەدر بووەتە مەرجەع و کورد بە دەستی خۆی، خۆیی بچووک کردووەتەوە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
لێکەوتە خەراپەکانی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە سەر هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم شەڕە چییە؟
بە گشتی تێکچوون و تێکشکانی سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەموو مرۆڤایەتی خەراپە، بە ڵام هەندێک بارودۆخی تایبەتیش هەیە کە کاریگەریی لە سەر کورد داناوە. پێشتر کورد سوودی لە تاک جەمسەری وەردەگرت، کاتێک کە جەمسەرێکی گەورە لە ناوچەکەدا هەبوو، ئەو کاتەی کە یەکێتی سۆڤییەت هەڵوەشایەوە کورد دەسکەوتی زۆری هەبوو بەڵام لە فرەجەمسەریدا سیاسەتێک دێتەگۆڕێ کە پێی دەوترێت بە قوربانیکردنی بچووکەکان لە پێناو زلهێزەکان. لە بەر ئەوەی کە کوردیش دەوڵەتی نییە و بە بچووک دادەنرێت، دەبێتە قوربانی لە پێناو گەورەکان.
لە لایەکی دیکەوە، دەبینین کە تورکیا لە ناوچەکەدا چەند دۆسیەیەکی هەڵگرتووە، وەک پەیمانی سێڤەر و لۆزان و ویلایەتی موسڵ کە دەیەوێت لە ساڵی 2023 ئەوان بهێنێتە پێشەوە و کورد لە تەواوی دۆسیەکاندا بوونی هەیە و هێرشەکانی ڕووسیاش بۆ سەر ئۆکرانیا هانی تورکیا دەدات کە لە جێبەجێکردنی ئەو دۆسیانەدا پەلە بکات. بۆ نموونە، ڕووسیا هەوڵ دەدات یەکێتی سۆڤییەتی جاران زیندوو بکاتەوە و ئەگەر تورکیاش هەمان پلانی بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەبێت، بە هەمان شێوە ئەمە بۆ ئێرانیش هەیە و بەم حاڵەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی گۆڕانکارییەکی گەورە دەبێتەوە، لەم گۆڕانکارییانەشدا کورد تەنیایە و تورکیا بەردەوام نیازی خەراپی لە سەر کورد هەیە و نایەوێت هیچ کات کورد شتێکی بەرکەوێت و دوور نییە کە بەو هۆیەوە دابەشکاریی گەورە لە ناوچەکە ڕوو بدات و بە لای بەرپرسانی ئەنکەرەوە کورد نابێت شتێکی بەرکەوێت.
تورکیا دەڵێت کە ڕێکەوتنی لۆزان ساڵی 2023 کۆتایی دێت، هەرچەندە کە لەو ڕێکەوتنەدا خاڵێک نییە کە بڵێت پاش سەد ساڵ ئەو ڕێکەوتننامەیە بە کۆتایی دەگات. دەتوانین بڵێین کە لێکەوتەکان زۆرن بەڵام ئەوەندە نزیک نین و ڕاستەوخۆش لە سەر کورد نییە، هەر بۆیە تا ڕادەیەک دەبێت سەرکردایەتی کورد حسێبێکی دیکەی بۆ بکات هەرچەندە وای بۆ دەڕوانم کە سەرکردایەتی کورد ئەو تێڕوانینەی نییە.
بەدەر لە بارودۆخی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقیش لەم ماوەیەدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هەبووە. کورد بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم بارودۆخە چی بکات؟
کاریگەرییەکان هەم لایەنی باش و هەم لایەنی خەراپی هەیە بەڵام ئەگەر سەرکردایەتی کورد بەم شێوازە لاواز بێت و بە تەنیا خەریکی کۆکردنەوەی پارە و گەندەڵی بێت و پشت لە گەلەکەی خۆی بکات ناتوانێت سوود لە لایەنە باشەکان وەربگرێت و کاریگەری لایەنە خەراپەکانیش زیاتر دەبێت. سەرکردایەتی کورد نە ناوەندێکی توێژینەوەیی هەیە و نە هەستیش بەو مەترسییە دوور و نزیکانە دەکات و خوێندنەوەشی بۆ ئاسایشی نیشتمانی نییە. بۆیە من هیوام نییە کە سەرکردایەتی کورد حیساب بۆ ئەو بارودۆخە بکات و تەنیا ڕووداوە ڕۆژانەکان دەخوێنێتەوە و شیکردنەوەی بۆیان هەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ڕووداوەکان دێن و جێگیر دەبن بێ ئەوەی کە سەرکردایەتی کورد هەنگاوێکی هەبێت، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتییەکی دڵسۆز هەبێت دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی کە سوودی لێ وەربگرێت و خۆیشی لە پێشهاتە خەراپەکانی لابدات.
ئەگەر حکومەتی هەرێم سوور بێت لە سەر هەمان سیاسەتی پێشووی نەوت و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق جێبەجێ نەکات، بە گشتی چ زیانێکی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت؟
بەر لە دەرکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق، ئەم کێشەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەبووە و خەڵک لە دۆسیەی نەوت ناڕازی بوون، ئەوان لە دابەشکردنی داهاتی نەوت و چارەنووسی ئەم دۆسیەیە زانیارییان نییە، تەنانەت بەشێکی زۆر لە وەزیرەکانی حکومەت ڕایانگەیاند کە ئاگایان لە داهات و پرسی نەوت نییە، تەنیا چەند کەسێک لە حیزبی دەسەڵاتدار نەبێت، دۆخێکی وەها زیان و زەرەرێکی زۆری بە هەرێم گەیاندووە و پرسی گازیش خەریکە ببێتە سەری ئەم کێشانە.
کاتێک ڕیفراندۆم کرا دادگای فیدراڵی بەیانێکی دەرکرد بەڵام دەسەڵاتی کوردی هیچ قسەیەکی جیدیی نەبوو، ئێستاش هەر هەمان دادگا لە سەر نەوت و گازی هەرێم بڕیاری دەرکردووە کەچی سەرکردایەتی کورد ناڕازین، واتە بە ئاشکرا دیارە کە دەسەڵاتی کوردی نیشتمان و کوردستانی لا گرنگ نییە بەڵام ئەو بەرژەوەندییەی لەو نەوتە دەستی دەکەوێت زۆر زۆر لای گرنگە و ڕەنگە بگاتە ئەوەی شەڕیشی لە سەر بکات. لە لایەکی دیکەشەوە ڕێکەوتنی لە گەڵ ڕەوتی سەدر و سوننەکان کردووە کە زۆرینە باڵادەست بێت و ئەوەش یەکێک لە بڕیارەکانی دادگا بووە کە بە زۆرینە دەنگی لە سەر دراوە و لە زۆرینەشدا کورد تووشی دۆڕان دەبێت لە بەر ئەوەی کە لە عێراقدا کەمینەیە و بە تەوافوق دەسکەوتی زۆری هەبووە بەڵام بەداخەوە بەم ڕێکەوتنەی لە گەڵ سەدر چیدی کورد وەک مەرجەع ڕۆڵی نەماوە، پێشتر مەسعود بارزانی خۆی مەرجەعی کورد بووە بەڵام لەم ڕێکەوتنەدا سەدر مەرجەعە و کورد بە دەستی خۆی، خۆیی بچووک کردووەتەوە.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد









