بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرەدا ڕایگەیاند کە ئامانجی مۆسکۆ لە شەڕی ئۆکرانیا داماڵینی چەکی ئەم وڵاتەیە.
ناوبراو سەبارەت بە داهاتووی حکومەتی کیێف وتی: خەڵکی ئۆکرانیا دەبێت دەسەڵاتی خۆیان دیاری بکەن بەڵام دەبێت نوێنەری تەواوی پێکهاتەکان لەو حکومەتەدا بەشدارییان هەبێت.
لاوڕۆڤ بە ئاماژە بەوەی کە ڕووسیا موڵەتی ئەوە نادات ئۆکرانیا دەستی بە چەکی ناوەکی بگات، وتی: بۆ ئێمە قبووڵکراو نییە کە چەکی پێشکەوتوو لە ئۆکرانیادا هەبێت و ببێتە هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ڕووسیا.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە درێژەدا وتی کە ئۆکرانیا بە ڕاوێژی ئەمریکا دانوستانەکان دوا دەخات.
وتیشی کە ڕووسیا دۆستانی زۆری هەیە و پەراوێز ناخرێت.
سرگێی لاوڕۆڤ سەبارەت بە شەڕی سێهەمی جیهانیش وتی: شەڕی سێهەمی جیهانی شەڕێکی ناوەکیی ڕۆخێنەر دەبێت و جۆبایدن ئەزموونی هەیە و دەزانێت کە هیچ جێگرەوەیەک بۆ گەمارۆکان بەدەر لە شەڕێکی جیهانی نییە./.